بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەست پێ دەکات
کەمێک لەمەوبەر (سێشەممە 11/4/2017)، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، دەستیان بە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیان بکەن کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکات.
شاندی یەکێتی لە مەلا بەختیار، عومەر فەتاح، عەدنان موفتی پێکهاتووە و شاندی پارتیش لە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، هۆشیار زێباری و دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس پێکهاتووە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان دەکرێت، هاوکات باسیش لە دروستکردنی کۆمیتەیەک بۆ کارکردن لەبارەی ڕیفراندۆم دەکرێت کە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تێدا بێت. جگە لەوەی پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ کارکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەبارەی ڕیفراندۆم، تاوتوێ دەکرێت.
پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاشکرا کرد کە ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنیوز
