سەرکردەیەکی یەکێتی: بە ھیچ شێوەیەک پاشەکشە لە ریفراندۆم ناکەین
سەرچاوەیەکە بە (باس)ی راگەیاند، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانیدا بڕیاری داوە بە ھیچ شێوەیەک لە پرسی ریفراندۆم بەھۆی دەنگی جیاوازی ناو حزبەکەیەوە، پاشەکشە نەکات و لەو پرسەدا ھاوشانی پارتی ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، تاوەکو لە بەدەستھێنانی دەستکەوتەکانی ئەو پرسە چارەنووسسازە دانەبڕێت.
لەلایەکی دیکەش ھەر بەپێی زانیاریەکانی ئەو سەرچاوەیە یەکێتی پێیوایە دەستی گۆڕان لە پشتەوەی ئەو کێشانەوە ھەبێت کە یەکێتی لەدوای رێککەوتنی لەگەڵ پارتی لەسەر پرسی ریفراندۆم بۆی دروست ووە، چونکە گۆڕان بە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی زۆر نیگەرانە و ھانی ھەندێدێک لە کادر و بەرپرسەکانی یەکێتیی نزیک لە خۆی دەدات بەو ئاراستەیە کار بکەن کە یەکێتی لە پارتی دوور بکەوێتەوە و لە پرسی ریفراندۆم پاشەکشە بکات.
بە گوتەی سەرچاوەکە. بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، ئەگەر پارتی و یەکێتی لە پرسی ریفراندۆم سەر بکەون، ئەوە گۆشەگیربوونی زیاتری گۆڕانی لێ دەکەوێتەوە و بەوەش لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا کیشەکانی گۆڕان گەورەتر دەبن.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، گۆڕان بۆ ئەوەی لەو بارودۆخەی کە تێی کەوتووە چارەسەرێک بدۆزێتەوە، داوایان لە نەوشیروان مستەفا کردووە بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، نەوشیروان مستەفاش بەڵێنی داوە دوا ھەوڵی خۆی لەگەڵ یەکێتی بدات و لە نزیکترین دەرفەتدا بگەڕێتەوە.
پێوەند بەم پرسە، مستەفا چاوڕەش ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رای گەیاند، ریفراندۆم مافێکی شەرعیی خەڵکی کوردستانە و یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک لەو پرسەدا پاشەکشە ناکات، چونکە بە ئەرکی نیشتمانیی خۆی دەزانێت، گوتیشی “ریفراندۆم خێر نییە پێمان بکرێت، ئەوە حەقی خۆمانە و ئەنجامی دەدەین، ھەموو میللەتان بۆ سەربەخۆیی یان ھەر شتێکی بێتە پێشەوە مومارەسەی ئەو مافەیان دەکەن، بۆچی ئێمەش نەیکەین”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، بوونی رای جیاواز لەنێو حزبێکی کوردستانیدا، سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، شتیکی باش نییە و گوتی: “ھەموو حزبێک بە یەکگرتوویی جوانە و پێویستە ھەموومان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بین و واز لەو قسەو قسەڵۆکانە بھێنین، رووی دەمم لە ھەموویانە بێ جیاوازی، پێویستە ھەمووان لە دەوری سەرکردایەتی و قیادەی یەکێتی کۆ ببنەوە و یەک دەنگ بن بۆ ھەموو پرسەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان”.
باسنيوز
