ئاسۆ کەریم: مەرج نییە بڕیاری ڕیفراندۆم لە پەرلەمانەوە بدرێت؛ دەزگای دی توانای بڕیاردانیان هەیە
(ئاسۆ کەریم)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو کۆمیتەیەی بڕیارە بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم پێک بێت، کارێکی پێویستە و، لەوەش پێویستر ئەوەیە کە کەسانی بەشدار لەو کۆمیتەیەدا نوێنەری زۆرینەی لایەنەکان و نوێنەری پێکھاتەکانیشی تێدا بێت و، جگە لە دەستنیشانکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، سەردانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەش بکات، بۆ ئەوەی گرینگیی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستانیان بۆ ڕوون بکرێتەوە و لە زۆر ڕووەوە کاری لەسەر بکرێت، چونکە کۆمیتەکە زیاتر سیفەتی سیاسیی ھەیە و دەبێ خۆی بۆ دانوستان ئامادە بکات، تا بتوانێت بە شێوەیەکی باش پڕۆسەکە بەڕێوەبەرێت، بۆ ئەوەی کاروبارەکانی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش بەسەرکەوتویی کۆتایی بێت.''
(ئاسۆ کەریم) دەڵێت: ''مەرج نییە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەربچێت و دەکرێت لە کاتی پێویستدا لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتیشەوە فەرمانێک بۆ دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دیاری بکرێت، یانیش ئەگەر بکرێت پەرلەمان تەنیا بۆ ئەو پرسە کۆببێتەوە و بڕیارێک دەربکات، بەڵام وەک ئاماژەم بۆکرد، مەرج نییە تەنیا بە پەرلەمان بکرێت، لەحاڵەتی پێویستدا دەزگەی دیکەش ھەن، کە توانای بڕیاردانیان ھەیە.''
(ئاسۆ کەریم) ڕوونیشی کردەوە: ''لە جیھاندا زۆر شێوازی ڕیفڕاندۆم ھەن، لە ھەندێ شوێن پڕۆسەکە لەسەر بنەمای بەشداربووانی پڕۆسەکەیە و لە ھەندێ شوێن لەسەر بنەمای دەنگدەرانە؛ بۆنموونە ئەگەر دوو ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەبێت، یەک ملیۆن و یەک کەس دەنگی بەڵێ بدەن، ئەوە پڕۆسەکە بە سەرکەوتوو ھەژمار دەکرێت. زۆر گرینگە ئەو لایەنەی ڕۆژی ڕیفڕاندۆم دیاری دەکات، ئەوەش دیاری بکات بە ڕێژەی چەند ھەژمار دەکرێت، ھەروەھا بەرچاوڕوونی بدرێتە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ڕیفڕاندۆم بەڕێوەچوو، کەی بڕیاری سەربەخۆیی دەدرێت، وادەکەی دیاربێت، ئینجا گرینگ نییە، کەی دەبێت.''
kdp-
