قاسم سولەیمانی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی چارەسەر دەکات

 قاسم سولەیمانی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی چارەسەر دەکات
فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ سێ سەرکردەی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

رۆژی یەکشەممە 10.4.2017، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی و ناوبژیوانیکردن لە نێوان سەرکردەکانی ئەو حزبە، سەردانی سلێمانی کردووە، ”ئێستا لە سلێمانییە“.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا کاتی کۆبوونەوەکان دیاری نەکراوە، بەڵام قاسم سولەیمانی لەو سەردانەیدا، لەگەڵ هەریەکە لە کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆ دەبێتەوە ”بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان“.

پەیامنێری ئەو کەناڵە لە زاری سەرچاوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکءێتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سێ سەرکردەکەی یەکێتی، باسی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووکیش دەکات.

پێشتریش چەند جارێک قاسم سولەیمانی بە نوێنەرایەتی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو حزبە کۆبووەتەوە.






باسنيوز
Top