بارزانی پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو کرد
ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە 10/4/2017 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو کرد و لە دیدارەکەدا شاندی میوان سوپاسی بارزانیان بۆ ڕەخساندنی دیدارەکە کرد و خۆشحاڵیی خۆشیان نیشاندا بە سەردانیان بۆ نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان کوردستان و وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆیان بۆ خەبات و ماندووبوونی بارزانی باسیان لە ڕۆڵ و کاریگەریی خەباتی بارزانیی نەمر، لەسەر خۆڕاگری و ئومێد بۆ کوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو کرد.
ھەروەھا شاندی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیەتی، ئامادەیی ئەوەیشیان ڕاگەیاند کە بە ھەموو توانایەک پشتیوانی کوردستان و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان دەبن و کاری بۆ دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی ھێزی پێشمەرگەیان لە پاراستنی وڵات و شەڕی تیرۆریستانی داعش کرد، ھاوکات سەرەخۆشییان لە بارزانی و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە کرد کە گیانی خۆیان بەخت کردووە و شەھید بوونە.
ھە لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، باسیان لە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی کوردانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و سۆڤیەتی جاران کرد.
لەبەرانبەردا بارزانی، سوپاسی ھەڵوێستی شاندی میوانی کرد و کوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشووی بە بەشێکی ئازیزی گەلی کوردستان لە قەڵەمدا و دەستخۆشی لە کار و چالاکییەکانی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو کرد و ڕایگەیاند پاراستنی پێناسە و ڕەسەنایەتیی نیشتمانی و نەتەوەیی گەورەترین خەباتە کە کوردانی ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو بە باشی ئەنجامیان داوە.
ھەر لەو دیدارەدا بارزانی لە گوتەیەکدا مێژووی گەلی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ھەروەھا ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ ڕیفراندۆم و گەیشتن بە سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.
