شاناز برایم ئەحمەد: حیساب بۆ هیچ بڕیار و ئاگادارکردنەوەیەک ناکەم

 شاناز برایم ئەحمەد: حیساب بۆ هیچ بڕیار و ئاگادارکردنەوەیەک ناکەم
شاناز برایم ئەحمەد خوشکی هێرۆ برایم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بڕیاری مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی بە ”قەشمەرجاری“ ناو دەبات.

لە پەیامێکدا شاناز برایم ئەحمەد، لێپرسراوی کۆمیتەی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی ڕای دەگەیەنێت، کە ئەو ملکەچی ”ھەموو بڕیارێکی ئۆڕگانە شەرعییەکان“ی یەکێتی دەبێت.

شاناز برایم ئەحمەد هەروەها ڕای گەیاندووە: “حیساب بۆ ھیچ بڕیار و ئاگادار کردنەوەیەک ناکەم کە لەلایەن کەسێک یان کەسانێکەوە بێت کە بەرژەوەندیی خۆیان و پارتێکیتریان خستبێتە پێش بەرژەوەندیی میللەت و حزبی شەھیدانمان و خاوەنی رێکخستنی نھێنی و بزووتنەوەی سەربەخۆیان بن لە ناو حزبەکەمدا”.

ئەو خوشکەی هێرۆ برایم ئەحمەد بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سزادانی هەریەکە لە خۆی، عادل مورادی سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی و لاهور تاڵەبانی بە قەشمەرجاری ناودەبات و رایدەگەیەنێت، ”گەر ئەوەی کە دەیبینین و دەیبیستین ( قەشمەرجاری) نەبێت، ئەی قەشمەرجاریچیە؟“.

رۆژی 8.4.2017، لێژنەیەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، بڕیاری سزادانی عادل موراد، شاناز برایم ئەحمەد و لاهور تاڵەبانی داوە.

پێشتر چەندان جار، شاناز برایم ئەحمەد، لە کات و شوێنی جیاجیادا، دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە و بیانووی جۆراوجۆری بۆ هێناوەتەوە.

هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، عادل موراد، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، لە وتارێکیدا دژایەتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەم دواییانەی تایبەت بە سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی و داوای لە سەرکردەکانی حزبەکەی کرد، کار لەسەر ئەو نەخشەڕێگەیە بکەن کە لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتییەوە پەسەند کراوە.






باسنیوز
Top