ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی باوەڕ بە شیعەکان دەکەن و بە سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی ناکەن
ڕۆژی چوارشەممە 5/4/2017، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون، سەردانی بەغدایان کرد و دواتر شاندەکە ئەوەیان ڕاگەیاند کە لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، باسیان لە پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کردووە.
دوای ئەو سەردانە، ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسینێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە و ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی یەکێتی کردووە، دوای ئەوەی لەگەڵ عەدنان موفتی کۆببوونەوە، ڕای گەیاندووە: ”ئەوەی لە کۆبوونەوەکە لەسەر ئاڵا و ڕیفراندۆم تاوتوێتان کردووە، زۆر جیاوازە لەوەی بە من وتراوە بە تایبەت لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە“.
لە لایەکی دیکەوە شوان داودی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: ”برادەران لە بەغدا دەڵێن ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییە و لە هەولێریش بە کونسوڵەکان دەڵێن ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە“.
لەبەرامبەردا ئەشواق جاف، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، ئەوەی کە دەبێت قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات، ئەندامانی شاندەکەن کە چوونەتە بەغدا. گوتیشی: ”عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە و ئەو دەبێت بڵێت کە چییان گوتووە؟ ئەوەی کە کراوە، بە ئاشکرا بووە و زەمینەسازییەک بۆ چوونی شاندی دووەمی هەرێمی کوردستان بووە.
بەغداش ناتوانێت بڵێت ڕیفراندۆم مەکەن، چونکە مافێکی دەستوورییە و لە یاسای دەستووریدا هاتووە، هەروەها عێراق خۆی واژووی لەسەر ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانە کردووە کە دان بە مافی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی گەلاندا دەنێت“.
ئەشواق جاف داوای لە پەرلەمانتاران و سەرکردەکانی یەکێتی کرد کە سەرچاوەکانیان ئاشکرا بکەن و گوتی: ”ئایا سەرچاوەکانیان ئەوانەن کە دژی ئاڵای کوردستان وەستانەوە؟ بۆچی دەبێت باوەڕ بە لایەنی عێراقی و عەرەبی بکەن، بەڵام باوەڕ بە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان و لایەنی کوردی نەکەن؟“. بۆیە هیوای خواست کە کورد لەم قۆناغەدا یەکڕیز بێت و حزبەکان بە هاوکاریی پەرلەمانتارانیان، کار بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکەن.
باسنیوز
