هەڵەبجەییەكان: منداڵەكانمان لەلایەن پەكەكەوە لە خشتە دەبرێن.. ده‌بێ خۆپێشاندان ئەنجام بدەین

 	 هەڵەبجەییەكان: منداڵەكانمان لەلایەن پەكەكەوە لە خشتە دەبرێن.. ده‌بێ خۆپێشاندان ئەنجام بدەین
ماوەیەكە پەكەكە لە هەڵەبجە و دەوروبەری دەستی بە فریودانی چەندان مێرمنداڵ كردووە و لە ڕیزەكانی خۆیدا دەیانكاتە چەكدار، دایكان و باوكانی ئەو مێرمنداڵانەیش دەڵێن، ڕێكخستنەكانی پەكەكە منداڵەكانیان لە خشتە دەبات و بۆ مەرامی تایبەت و حزبیی خۆی بەكاریان دەهێنێت.

(عەبدوڵڵا محەممەد ئیسماعیل) باوكی (شیروان) كە لە ئێستادا لەناو پەكەكە نازناوەكەی (سەروەر گەنجۆ)ـیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "كوڕی من خەریكی خوێندن بوو لە قوتابخانەی ئیسلامی و بۆ فەقێیەتی دەیخوێند، ڕۆژانەیش لە كاروباری دووكانەكەمدا هاوكارم بوو و زۆر كوڕێكی گوێڕایەڵ بوو و قەت لە قسەم دەر‌نەدەچوو، بەڵام بەداخەوە رێكخستنەكانی پەكەكە لە هەڵەبجە لەخشتەیان برد و بە ناوی سەیرانەوە بردیان بۆ قەندیل و جارێكی كە نەمبینییەوە".

(محەممەد) دەڵێت، "ئەو ڕێكخستنانەی پەكەكە بوونەتە هۆكاری سەرگەردانكردنی منداڵانی هەڵەبجە و ژیانیان لە دەیان خێزان تێك داوە، هیچ كەسیش نییە ڕێگری لەم كارانه‌یەیان بكات، ئێمەی دایك و باوكان دەبێت باجەكەی بدەین، لەو ڕۆژەوەی كە منداڵەكەمیان فڕاندووە تا ئێستا زیاتر لە 20 جار سەردانی قەندیل و شنگالم كردووە، بەڵام پەكەكە ئامادە نەبووە كوڕەكەم پێشان بدەن و هیچ وەڵامێكم نادەنەوە".

باوكی ئەو مێرمنداڵە گوتیشی، "ڕێكخستنەكانی پەكەكە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی كورتییان بۆ هێناوم و كوڕەكەم تەنیا دەڵێت، سڵاو لە دایك و باوكم دەكەم، ئێستا من گەریلام و ناوم گۆڕیوە بۆ (سەروەر گەنجۆ)، پاش چەند مانگێكی كە گرتەیەكی دیكەیان بۆ هێنام و تێیدا دەڵیت، داوا لە هاوڕێكانم دەكەم بێن بۆ شاخ و ببن بە گەریلا. ئیدی ناوی من و دایكی نەبرد، چونكە پەكەكە مێشكیان شۆردووەتەوە كە ئیدی هەست بەوە نەكات دایك و باوكی هەبێت".

ڕوونیشی كردەوە، "نەورۆزی ئەمساڵ چووم بۆ قەندیل و لەوێ ئاهەنگ بوو بە ئومێدی ئەوەی كوڕەكەم ببینم، بەڵام لەوێ ژن و پیاوێكی خەڵكی كامیارانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانم بینی و پاش گفتوگۆ، دەركەوت كە ئەوانیش بە دوای كوڕەكەیاندا دەگەڕان، چونكە زۆرینەی ئەو خەڵكانەی ڕۆژی نەوڕۆز دەچنە قەندیل، بە هیوای ئەوە دەڕۆن بەڵكوو كوڕ و كچەكانیان ببیننەوە، نەك بۆ بەشداریكردن لە ئاهەنگی نەورۆز، پاش كەمێك ئەو دایك و باوكە كوڕەكەیان دۆزییەوە، بەڵام كوڕەكەیان ئامادە نەبوو تەنانەت قسەیشیان لەگەڵدا بكات و گوتی، من تەنیا قەندیل و ئاپۆ دایك و باوكمن".

(ڕابیعە حەمەساڵح)، دایكی (شیروان)، بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ساڵێك و دوو مانگە‌ پەكەكە منیان لە كوڕەكەم جیا كردووەتەوە، ئەوەی ئەوان دەیكەن هیچ كات دوژمنیش لەگەڵماندا نەیكردووە، تەنیا ئاواتم ئەوەیە جارێكی دیكە پێش مردنم چاوم بە كوڕەكەم بكەوێتەوە، هەرچەندە ئێستا دەزانم ماوەی ئەم ساڵ و دوو مانگە كە ڕفاندوویانە بە ناوی سەیرانەوە، من و باوك و برا و خوشكەكانی لە بیر نەماوە و مێشكیان شۆردووەتەوە".

(ڕابیعە)، بە گوتەی خۆی زۆربەی كاتەكانی بە گریان بەسەر دەبات و وەك خۆی دەڵێت، جیاكردنەوەی جگەرگۆشە لە دایك ئێشەكەی زۆر سەختە و ئارامی لێ هەڵگیراوە، "ئەو كاتانەی كە دەخەوم تەنیا خەو بە كوڕەكەمەوە دەبینم و ئیدی خەبەرم دەبێتەوە و تا كاتی بانگی بەیانی بە گریان دەیبەمە سەر".

ئەو دایكە هەروەها دەڵێت، "من ترسی ئەوەم هەیە كوڕەكەی دیكەیشم كە تازە پێدەگات، ئەویش لە خشتە بەرن، بۆیە داواكارم لە بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە‌، بارەگاكانی پەكەكە دابخەن".

دایكی (شیروان) گوتیشی، "چەندین چار ڕۆییشتوومەتە لای دەستەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە و سكاڵای خۆمم لایان كردووە، لە وەڵامدا گوتوویانە كە ئێمەیش بێدەسەڵاتین و ناتوانین بۆ هێنانەوەی كوڕەكەت یان دیاریكردنی شوێنەكەی هیچتان بۆ بكەین، بۆیە داوا لە دایك و باوكی هەموو ئەوانە دەكەم كە منداڵیان ڕفێندراوە، خۆپێشاندانێك ئەنجام بدەین و پەكەكە لە شارەكەمان دەربكەین".
kdp-
Top