دهۆكییەكان: دەرفەتێكی چارەنووسساز بۆ سەربەخۆیی لە بەردەمدایە.. هەموومان بە بەڵێ دەنگی بۆ دهدەین
د. (ئیسماعیل فوئاد)، مامۆستای زانكۆی دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بە كاتێكی زۆر لەبار دەزانم بۆ بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین، چونكە دەرفەتە مێژووییەكان ناگەڕێنەوە".
(فوئاد) گوتیشی، "چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و باسكردنی هەندێك بابەتی گرینگ و چارەنووساز كە بۆ یەكەم جارە بەو شێوەیە لەگەڵ كاربەدەستانی بەغدا باسی ڕیفراندۆم و ئاڵای كوردستان دەكرێت، شتێكی زۆر باش بوو و بووەتە جێگەی خۆشحاڵیی هاووڵاتیانی كوردستان، بۆیە پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەكان هەموو بە یەك دەنگ پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ نەچێت".
(ڕەشید محەممەد)ـی فەرمانبەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "بەغدای یەكگرتوو نەماوە و هەر كەسە و بە ئارەزووی خۆی لە بەغدا مامەڵە دەكات، بۆیە بەغدا شایەنی ئەوە نییە هەرێمی كوردستان سەر بە ئەو بێت، لەبەر ئەوە پێویستە هەر چی زووە ئەو دەرفەتە لە دەست نەدەین و لە زووترین كاتدا ماوەیەك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكرێت، تا هەموومان بە بەڵێ دەنگی بۆ بدەین و بەو ئاواتە بگەین كە بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ دەكەین".
(ئەسعەد ساڵح)، مامۆستا لە یەكێك لە قوتابخانەكانی سنووری ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونكە بەغدا توانای پێكەوەژیانی نەماوە، بۆ ئەوەیش پێویستە لایەنە سیاسییەكان یەك بگرن و كێشە و ناكۆكییەكان وەلا بنێن و هەموو لایەنەكان پێكەوە دابنیشن بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەو پرسە چارەنووسازە بدەن، ئەگەرنا مێژوو رەحم بەو لایەنە ناكات كە لەگەڵ ئەوە نییە گەلی كورد بە ئاواتەكانی خۆی بگات".
هاوكات (ئازاد سوبحی)ـی هاووڵاتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە، "شاندی پارتی و یەكێتی شتێكی زۆر باشیان لە بەغدا كرد، لە بەرانبەریشدا گۆڕان هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد كە گوتی، ئێمە لەگەڵ پارتی و یەكێتی دانانیشین و گفتوگۆ لەسەر ڕیفراندۆم ناكەین، چونكە ئەو پرسە گرێ دراوە بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە نەك لایەنێك، بۆیە پێویستە ئەوانیش بێنە سەر خەت و لەگەڵ لایەنەكاندا یەكهەڵوێست بن، چونكە ئەگەر ئەو دەرفەتە لە دەست بدەین، زۆر زەحمەتە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە".
kdp-
