ئەنەكەسە: پەیەدە بە ھێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر رژێم، ترسی لێ نیشتووە
(ئیبراھیم برۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ساڵی ٢٠١٣ـدا بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی ھەبوو بە ژمارە ٢١١٨ لەبارەی چەكی كیمیایی لە سووریا، كە پێویستە ئەو وڵاتە چەكی كیمیایی نەھێڵێت، گەر نا ھێرشی سەربازی دەكرێتە سەر، دوای ئەوە ڕووسیا ھاتە سەر خەت و بڕێكی زۆری چەكی كیمیایی لەناو برا، بەڵام سووریا چەند جارێك چەكی كیمیایی بەكار ھێناوە لەدوای ئەو بڕیارە و، لە دواجاریشدا كە بەكاری ھێنا لە سووریا، ئیدارەی ئەمەریكا كەوتە هەڵوێستێكەوە كە ھەیبەتی خۆی بگەڕێنێتەوە و، بە مووشەك ھێرشی كردە سەر رژێمی سووریا، ئەمەیش سەرەتای دەربڕینی رای ئەمەریكایە لەبارەی سووریاوە، چونكە تا ئێستا ئەمەریكا لە سووریا تەنیا شەڕی داعشی دەكرد و لەبارەی ھەموو سووریا و چارەسەری سیاسییەوە، رۆڵی ئەوان لە ئاستانا و جنێف زۆر لاواز بوو، بەڵام بەو ھێرشە سیاسەتی نوێی ئەمەریكا لەبارەی سووریاوە دەست پێدەكات".
(برۆ) گوتیشی، "ئێمە وەكو ئەنەكەسە پێمان وایە پێویست بوو لە ساڵی ٢٠١٣ـوە ھێرش بۆ سەر سووریا كرابا، بە تایبەت ئەو شوێنانەی چەكی كیمیاییان لێیە، بۆیە ئێستایش كە ھێرش كراوەتە سەر رژێم، ئێمە پشتگیری لەو ھێرشە دەكەین".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕوونی كردەوە، "ھەڵوێستی پەیەدە لەبارەی ھێرشەكەی ئەمەریكاوە ڕوون نییە، چونكە پێشتر ھەڵوێستی ئەمەریكا تەنیا ئەوە بوو كە داعش نەمێنێت، بەڵام ئەمڕۆ سیاسەتی ئەمەریكا ئەوەیە كە، پێویستە داعش نەمێنێت و شوێنی ئێران و (بەشار ئەسەد)ـیش لە سووریا نەبێت، پەیەدەیش زۆر لەمە دەترسێت، ڕاستە ھاوكاریی سەربازی لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ دێت، بەڵام ئەوان سەر بە رژێم و ئێرانن و ئەمەیش بووەتە ترسێكی گەورە بۆ ئەوان".
زیاتر گوتی، "گەر ئەوان ھەڵوێستی ڕوونی خۆیان دیاری بكەن، دژی ئەو ھێرشەی ئەمەریكان، بەڵام ئێستا ھاوكاریی سەربازی لە ئەمەریكا وەردەگرن و تەنیا باس لەوە دەكەن كە، پێویستە لە ڕووی سیاسییەوە ئەو كارە چارە بكرێت نەك سەربازی، بەڵام پەیەدە لە چارەسەرییە سیاسییەكاندا شوێنی نییە".
kdp-
