گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵی ئێزدییان دۆزرایەوە

گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵی ئێزدییان دۆزرایەوە
گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵی كوردانی ئێزدی لە گوندی حەردان دۆزرایەوە، بەمەیش گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی بوون بە 31 گۆڕ، هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش داوای هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان دەكەن.

(نایف سەیدۆ) بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێی سەر بە شارۆچكەی شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵی خەڵكی شنگال دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاریەكی ئەوتۆمان لەسەر نییە كە ژمارەی ئەو ڕووفاتانەی تێیدان چەندە".

(سەیدۆ) گوتیشی، "لە ماوەی رابردوودا هەندێك گۆڕ لە سنووری ئێمە هەڵدرانەوە و بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە ڕێوڕەسمێكی جواندا ئەوانە لە مەزاری شەرفەددین نێژران، داوای خەڵكی ناوچەكەیش ئەوەیە كە، گۆڕەكانی دیكەش هەڵبدرێنەوە و رووفاتەكان بە كەسوكاریان بدرێنەوە".

بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ زیاتر گوتی، هەتا ئێستا 31 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت هەندێك گۆڕی دیكەیش هەبن، بە تایبەتی لەو شوێنانەی كە هێشتا ئازاد نەكراون، بۆیە پێشبینی دەكرێت دوای ئازادكردنی ئەو ناوچانە، ژمارەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان زیاتر ببێت.
kdp-
Top