حوسێن یەزدان پەنا: ڕیفراندۆم پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان

حوسێن یەزدان پەنا: ڕیفراندۆم پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان
جێگری سکرتێری گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان، (حوسێن یەزدانپەنا) دەڵێت، پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی گرینگە و خەڵکی کوردستان لەو ڕێگایەوە بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان دەدەن. دەشڵێت، سەرکەوتنی ئەزموونی باشووری کوردستان پشتیوانێکی گەورەیە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان.

هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە هەنگاوی جیددی بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ سازدانی ڕیفراندۆم بکرێت، سەبارەت بە سازدانی ڕیفراندۆم (حوسێن یەزدانپەنا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە، کە ژێردەستەیی قبووڵ ناکات، بڕیاری ڕیفراندۆم لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە، بڕیارێکی زۆر گرینگ و بوێرانە بوو، چونکە ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووەتە ناسنامەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرگریکردن لە هەموو جیهان. باشووری کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە خاوەنی دامەزراوەگەلی گرینگ و خۆماڵی و خەڵکی کوردستان دڵخۆشن بەوەی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی شەڕی چیاکانەوە، ئیستا شەڕی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان دەکات.''

(یەزدانپەنا) گوتی: ''بەبێ جیاوازی دەبێ پرسی ڕیفراندۆم بکرێتە پشتیوانیی بەهێز بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە مافی گەلی کوردستان دیاری بکرێت، کە بەدڵنییایییەوە ئەمە مافی گەلی کوردستانە و، هاوکات بۆ ئەو پرسە هەست بە پشیوانیی نێودەوڵەتیش دەکرێت، چونکە زۆر وڵات و نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئامادەییان دەربڕیووە، بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە.''

(یەزدانپەنا) گوتیشی: ''ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەبێتە پشتیوانیی بەهێز بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و حەقە ئەو ڕێگایە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا دووبارە بکرێتەوە. دەنگدان بۆ ڕیفراندم مافێکی ڕەوایە و وەک حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەواوەتی پشیوانی و پشگیریی لێ دەکەین.''

kdp-
Top