د. ڕۆژ نووری شاوێس: دوای ئەنجامی ریفراندۆمەکە ھەنگاوی دیکە دەھاوێژین

 د. ڕۆژ نووری شاوێس: دوای ئەنجامی ریفراندۆمەکە ھەنگاوی دیکە دەھاوێژین
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی ھەرێمی کوردستان، لە ھۆڵی سەعد عەبدولڵا لە شاری ھەولێر، کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان کرد، کە نوێنەری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش بەشداریی تێدا کرد.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. ڕۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕای گەیاند: "کوردی ئەمڕۆ ویستی خۆی گەیاندە ئەو وڵاتانەی کە نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، پێش ھەموو شتێکیش باس لەوە کرا کە ریفراندۆم مافێکی سروشتی ھەموو میللەتێکە، بە گەلی کوردیشەوە، گەلی کورد مافی خۆیەتی ریفراندۆم ئەنجام بدا، ئەمەش پەیوەندی تەنیا بە گەلی کوردستانی عێراقەوە".

ھەر لەو کۆنگەرە ڕۆژنامەوانییەدا، د. ڕۆژ نووری شاوێس، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ یان نەخێر، وەڵام دەدرێتەوە و دوای ئەوە ئەنجامەکەی وەردەگیرێ و ھەنگاوی دیکە دەھاوێژرێ، بۆ میوانەکانیش ڕوونکرایەوە و کە یەکەم ھەنگاویش لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەکەوینە گفتوگۆ، ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەش بکەینە واقیع و ئەو سنوورە دەستنیشان بکەین کە گەلی کورد پێ ڕازی دەبێت، ئێمەش ھەر سنوورمان لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ دەمێنێتەوە".

ئاشکراشی کرد: "ریفراندۆم کارێکی جێبەجێکردنە و داوامان لە کونسوڵ و نوێنەرای وڵاتان کردووە چاودێری ریفراندۆمەکە بکەن و باسیشمان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی میکانیزمی ریفراندۆمەکەش کردووە و ڕووناکیش خراوە سەر ئەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ بەغدادا کراوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاشی گەیاند: "داومان لە نوێنەر و کونسولی وڵاتان کرد کە پشتگیری لە ریفراندۆم و ویستی گەلی کوردستان بکەن، لەو بڕوایە دانین کەس دژی پرانسیپی ریفراندۆم بێت".






باسنيوز
Top