ئاڵا تاڵەبانی ڕەخنەی توند لە کۆسرەت ڕەسول و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار دەگرێت

 ئاڵا تاڵەبانی ڕەخنەی توند لە کۆسرەت ڕەسول و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار دەگرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی گرت کە تێیدا بڕیاری سزادانی هەندێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی دراوە.

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمانی عێراق، لە نامەیەکیدا کە ئاراستەی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیاری کردووە و لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە ماوەیەکە ”زۆرێک لەهەڤاڵان ڕۆژانە دێنە لاتان، لە کۆبوونەوەکان و لەملاولەولاش گلەیى زۆر دەکەن کە مافى خۆمانە، بەڵام جەنابتان هەر زۆر بێخەم و بێگوێدانە تەنانەت داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى ئاسایى سەرکردایەتى، مامەڵە لەگەڵ ئەم گلەییانە دەکەن، ناچارمان دەکەن قسە و ڕەخنەکان بخەینە سەر کاغەز کە دواجار دڵنیاین نابێتە هۆى گوێگرتنتان و عیلاجکردنى، بەڵکو وەکو دوێنێ لێژنەى سزا بۆ کادیر و ئەندامە دڵسۆزەکانتان دەردەکەن“.

ئاماژەشی بەوە داوە کە ”کەسمان لەگەڵ تەشهیرپێکردن نین، بەڵام بمبورن ئەوە ئێوەن ڕەخنە بە تەشهیر وەڵام دەدەنەوە، نەک بە کۆبوونەوە“. دەشڵێت: ”جەنابتان دوێنى کۆبوونەوەتان کردووە، کۆمەلێک پرسى زۆر گرنگ، زۆر هەستیار، کە چارەنووسى میللەت و ژیانى ڕۆژانەى خەڵک و ململانێ سیاسییەکانى ناوچەکە لەخۆدەگرێت، تەنها لەنێوان چەند کەسێک هەڵسەنگاندنى (طبعا وحتما) ئیجابى بۆ پرسەکان کراوە و دواتر لەبەر ڕۆشنایى ئەم هەڵسەنگاندنە ئیجابییە، بڕیارتان داوه. پرسیار دەکەم، لەکام ماددەی پەیڕەوى ناوخۆى یەکێتیدا هاتووە، ئەم هەموو پرسە گرنگە لەنێوان ئەم چەند هەڤالە دەبێت بڕیارى لێبدرێت؟“.

ئاڵا تاڵەبانی ئەو سەرکردە باڵایانەی یەکێتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لەسەر پرسی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک نەهاتوونەتە سەر خەت و ”شەڕەکەتان لەناو ئەو هەموو نەیارە بۆ ئێمەى کەرکوکییەکان و پەرلەمانتارانى بەغدا بەجێهێشت، چۆن ئێستا بەبێ ئێمە، تەنانەت پارێزگارى کەرکوک کە ئەندامى مەکتەبى سیاسییە وەکو ئێوە، بە تەنها گوێگرتن لەنوێنەرەکەمان“ لە شاندی کوردستان، هەڵسەنگاندن بکەن.

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پرسیاری ئەوەشی کردووە: ”لە کام پەیڕەوى ناوخۆى حزبى، حکوومی، پەرلەمانى، بەرپرسە یەکەمەکان خۆیان کۆدەبنەوە و لەسەر پرسێک هەر خۆیان بێ گەڕانەوە بۆ دەزگا شەرعییەکان بڕیار دەدەن لیژنە دروست دەکەن؟ لەوەش سەیرتر، هەر خۆیان دەبنەوە بەئەندامى لیژنەکە؟ سکرتاریەتى هەڤاڵ مام جەلال لەشاخ و شار و بەغداش کەی مافى دەستێوەردانى لەکاروبارى ناوخۆى حزب هەبووە؟ لەکام سوچى پەیڕەوى یەکێتى بەرپرسى سکرتاریەتى مام جەلال بۆى هەیە ئەندامى لیژنەى سزادانى کادیر و چاودێرى پەیڕەوى ناوخۆ بێت“.

هەر لەو نامەیەیدا، ئاڵا تاڵەبانی ڕووی لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و نووسیویەتی: ”جەنابی هێرۆ خان تو ویژدانت، کەی مام قەبوڵیەتی ئەندامی خێزانەکەی، ئەندامی لێژنەی سزادانی هاوڕێی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتی بن؟ تکایە ناو و ناونیشان بۆ کەس دامەڕێژن بەمەرامى تر، ئەوەندەى تر شتەکان مەشێوێنن، دواتر هەرخۆتان لە کۆبوونەوە نهێنییەکان و پلاتفۆرم و نازانم چى تر بەخوێندکار و مامۆستاى زانکۆ مەڵێن یەکێتى بووە بەحزبى بنەماڵە. هەموو یەکێتى ئەزانێ زۆربەمان بەدەنگدانى حزبى و جەماوەرى پۆستمان وەرگرتووە، ئەوەش کار و چالاکییەکانمان با دەنگدەرەکانمان هەڵیسەنگێنن“.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردووەتەوە: ”سکرتاریەتى مام جەلال کۆمەڵێک کوڕى پێشمەرگە و دڵسۆزى ئەم یەکێتییەیە، هەمیشە و تائێستا ئیدارەیان کردووە کە زۆر لەئەولادەکانى خۆى زیاتر خزمەتى مام و ڕێبازەکەیان کردووە، ئەمما خاڵێ بەمەبەستى گەیاندنى پەیام و هەواڵى کۆبونەوەکان بۆ جەنابى مام جەلال، بمبورن توخوا ئەمە لەوجودى هێرۆخان بۆ زۆربەمان لەپێکەنینێکى قووڵ زیاتر هیچىتر نییە، تکایە جەنابى کاک کۆسرەت ئەم لیژنە نادروستە هەڵبوەشێنەوە و کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتیی زۆر بەپەلە ئەنجام بدەن، با بەڕاشکاوى ئێمە و جەنابیشتان قسەى خۆمان بکەین“.








باسنيوز
Top