وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی دادەمەزرێنێت
لە سەرەتای مەراسیمی کۆنفرانسی زانستی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، ئەمڕۆ شەممە 8/4/2017 د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "ئەرکی زانکۆکان لەم قۆناغەدا جگە لە فێرکردن، توێژینەوە و بەرھەمھێنانی مەعریفە، لە گرێدانی زانکۆشە بەکێشەکانی کۆمەڵگە، بازاڕی کار و پیشەسازی و پڕۆژەکانی دەستپێشخەری داھێنەرانە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، تەکنەلۆژی و وەبەرھێنانی مەعریفی، بۆیە چیتر زانکۆکان تەنھا قوتابی و خوێندکار ئامادە ناکەن بۆ گەڕان بەدوای ھەلی کار، بەڵکو ئامادەیان دەکەن بۆ دەستپێشخەری و داھێنان و خولقاندنی ھەلی کار و بەشداری لە گەشەپێدانی ئابووری پشت بەستو بەمەعریفەو تەکنەلۆژیا".
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە توێژینەوە زانستیەکان سنوورە لۆکاڵییەکان ببەزێنن، چونکە لە سەدەی 21 ئەرکی زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان گۆڕاوە، لە ژێر کاریگەری بەجیھانیبون، گەشەسەندنی تەکنۆلۆژی و ئابووریدا زانکۆکان ئەرک و بەرپرسیارێتی دیکەیان بۆ دروست بووە".
د. یوسف گۆران، ئاشکراشی کرد: "کارێکی دیکەی وەزارەتەکەمان ھەوڵدانە بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی، ئەو ئەنجومەنە بریتیە لە ئەنجومەنێکی زانستی ستراتیژی نیشتمانی، کار دەکات بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژی گشتیی تویژینەوەی زانستی ھاندان، گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بواری پسپۆڕی جیادا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی، تەکنۆلۆژی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان".
ڕاشی گەیاند: "لە ڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە ھەوڵ دەدەین بەرھەمی توێژینەوە زانستییەکانمان لە کایە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا کارایی زیاتریان ھەبێت، تا چارەسەرەکردنی ئەو بابەتە ھەستیارانە بکەینە پرسیاری زانستی، بەتەواوەتی تێکەڵاوی ئەکادیمیا و توێژینەوەی زانستیان بکەین"
BAS NEWS-
