موئەیەد تەییب: خەڵكی ئێمه دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات
(موئەید تەییب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "من ھیچ ھیوایەكم نییە كورد بتوانێت لە چوارچێوەی عێراقدا مافەكانی بەدەست بێنێت، بۆیە ئەمە ١٠٠ساڵ تێپەڕی و چەندین سیستەم و حوكم گۆڕدراون و ئەوەی دێت لەوەی دیكە خراپترە و تاوەكو ئێستا ھەر رێككەوتنێكیش لەگەڵ بەغدا كرابێت، جێبەجێ نەكراوە، بۆیە باشترین چارە، ئەنجامدانی ریفراندۆمە".
(تەییب) گوتیشی: "رەخنەم لەوە ھەیە كە باس لەوە دەكرێت گوایە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییە، چونكە رای خەڵك وەردەگری بۆ سەربەخۆیی كە ئەوان ئەو داوایەیان كرد، پێویستە سەركردایەتیی ئێمە كار بۆ سەربەخۆیی بكات، بەڵام ھەر چۆنێك بێت پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت ئەگەر ببینە دەوڵەتیش".
ئەوشرۆڤەكارە سیاسییە دهشڵێ، ھەر رێككەوتنێكی دیكە لەگەڵ عێراق بكرێت سوودی نییە، جا بۆیە پێویستە كار بۆ سەربەخۆیی بكەین، ئەمەیش پێویستە خۆمان بیكەین بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیریمان بكات".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەگەر ریفراندۆم بكرێت، خەڵكی ئێمە بە دڵنیاییەوە دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات، ئەو كاتیش شەرعییەتێك دەداتە سەركردایەتیی سیاسی، بۆ ئەوەی بە جیھانی دەرەوە بڵێن كە، سەركردایەتیی كورد داوای خەڵكی خۆی جێبەجێ دەكات، بۆیە ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر گرینگە".
(موئەید تەییب) دەشڵێت: "پێویستە ھیچ لایەنێكی سیاسی لە بەردەم ریفراندۆمدا نەبێتە رێگر، لەبەر ئەوەی رای خەڵك وەردەگیرێت و دواتر كار بۆ دەوڵەتبوون بكرێت و ئەوكات دەتواندرێت ئاسانتر كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا چارە بكەین، بە تایبەت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لەبەر ئەوەی كە دەوڵەت بووین، ئەو وەختە نەتەوە یەكگرتووەكان باشتر دێنە سەر خەت بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە یەكلا بكرێتەوە".
-KDP
