دەزگای بارزانی خەڵات كرا.. دانیمارك دروستكردنی كەناڵێكی پەیوەندی بە گرینگ دەزانێت
لە مەراسیمەكەدا، كە ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رێكخراوەیی سووریا و نوێنەری باڵیۆزی وڵاتان و رێكخراوەكان ئامادەی بوون، چەندین گوتە پێشكەش كران، لەوانە، لە گوتەیەكیدا (عبدولئیلاه فەهد)، سكرتێری گشتیی هاوپەیمانیی سووریا، كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی بەرزنر خاند لە خزمەتكردنی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان و وڵاتی سووریا.
پاشان، (سەلیم خەتاب)، بەڕێوەبەری رێكخراوی ویام، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی كرد لەو رۆڵە گرینگەی دەیگێڕێت بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی بۆ پەنابەرانی سووریا.
دوابەدوای پێشكەشكردنی گوتەكان، فیلمێكی دۆكیومێنتاری لەسەر كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ گوتەی دەزگا پێشكەش كرا كە تێیدا تیشك خرایە سەر كار و چالاكییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستاندا.
پاش پێشكەشكردنی سروودی نیشتمانیی (ئەی رەقیب) و پێشكەكردنی چەند بابەتێكی هونەریی كوردی، لەلایەن سكرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانی و بەڕێوەبەری رێكخراوی ویام، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە شاندی دەزگای خێرخوازی بارزانی.
هەر هەمان رۆژ، نوێنەرانی دەزگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی چاویان كەوت بە نوێنەرانی باڵیۆزخانەكانی دانیمارك و شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا لە وڵاتی توركیا. لە دیدارەكاندا كێشە و گرفتەكانی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو و، نوێنەرانی هەردوو باڵیۆزخانە، سەرسامیی خۆیان بەرانبەر رۆڵی گرینگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خستە ڕوو لە بەهاناوەچوونی خەڵكانی لێقەوماو. هاوكات نوێنەری باڵیۆزخانەی دانیمارك رایگەیاند كە، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیانەوە لە بەغدا دەكەن بۆ ناسینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دروستكردنی كەناڵێكی پەیوەندیی بەهێز بۆ كاری هاوبەش.
هەروەها هەمان رۆژ، شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ نوێنەری رێكخراوی جوودی (ئەسعەد شەمسی) كۆ بووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە بەهێزكردنی پەیوەندی هەردوولا و هەماهەنگی لە گەیاندنی هاوكارییەكان بە پەنابەرانی سووریا، كرایەوە. رێكخراوی ناوبراو داوایان لە شاندی دەزگا كرد كە هەوڵ بدەن سنووری چالاكییەكان فراوان بكەن و هاوكاری بگەیەننە پەنابەرانی سووریا لە توركیا كە لە بارودۆخێكی زۆر سەختی ژیاندان.
KDP-
