عەرەفات کەرەم: شاندەکە پەیامی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بە بەغدا گەیاند

 عەرەفات کەرەم: شاندەکە پەیامی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بە بەغدا گەیاند
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، شاندە ھاوبەشەکەی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پەیامی خەڵکی کوردستانی بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووە.

ئەمڕۆ شەممە 8/4/2017، عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "ناتوانم گەرەنتیی ئەوە بدەم ھاتنی شاندە ھاوبەشەکەی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانیان دەرەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەستەوە دەدات، چونکە ھاتنی ئەو شاندە دەمێک بوو بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەھۆی کێشەی نێوان لایەنەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دواکەتبوو، ھەروەھا سەردانەکە بەس بەھۆی بابەتی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و ھێورکردنەوەی دۆخەکە نەبووە، بەڵکوو کۆمەڵێک شت باس کران، لەوانە گەیاندنی پەیامی ھاووڵاتییانی کوردستان بۆ بابەتی ڕیفراندۆم".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتیشی: "ئێستا ھەموو سەرنجەکان لەسەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتووە، چونکە ھەڵبژاردنی داھاتوو جێگای مەترسییە و زۆر لە لایەنە سیاسییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا لاواز دەبن، بۆیە ھەموو لایەنەکان ھەوڵی پێکھێنانی ھاوپەیمانییەک دەدەن تا عێراق لەو قەیرانە ڕزگار بکات، بۆیە دوو ھاوپەیمانی ھەیە، یەکەمیان حەیدەر عەبادی خۆی دەپاڵێوێتەوە و ھاوپەیمانیی دەوڵەتی مەدەنی دروست دەکات کە زۆرێک لەلایەنە سوننەکان و تەنانەت کوردیش پاڵپشتیی دەکات، ھاوپەیمانێتیی دووەم ئێران پاڵپشتی دەکات کە نووری مالیکی پاڵێوراویەتی“.

لەگەڵ ھەڵکدرنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک زۆرێک لە لایەنەکانی عێراق و دەرەوەش ناڕەزایی خۆیان لەسەری دەربڕی، عەرەفات کەرەم ھێمای بۆ ئەوەش کرد "ئەگەر بەغدا گلەیی لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان ھەبێت، ئێمە دوو ھێندە گلەییمان ھەیە، چونکە ئەوان دەستووریان جێبەجێ نەکردووە".






باسنیوز
Top