ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: پەرلەمانیش کرا بکرێتەوە گۆڕان دەنگ بە سەربەخۆیی نادات
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: "ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان شەڕێک دەکات کە پێویست ناکات ئەو شەڕە بکات،
دەیەوێت لەو ڕێگایەوە لەسەر بنەمای نەویستنی سەربەخۆیی کوردستان بەردەوام بێت و خۆشەویستی و مەیلی خۆیان بۆ عێراق بشارنەوە، دڵنیام ئەگەر پەرلەمانیش کارابکرێتەوە، ئەوا لەمپەر دەخەنە پێش سەربەخۆیی و دەنگی پێ نادەن، تەنیا خەڵک سەرقاڵَ دەکەن، ئەوان تەنیا کار لەسەر نائومێدکردنی ھاووڵاتییانی کوردستان دەکەن".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان قسەی لەسەر ئەوەبوو کە شتەکان بە کەسی کراون، بەڵام ئێستا خۆی ھەموو شتێک و چارەنووسی میللەتێکی بە گەڕانەوەی ”یوسف محەمەد“ەوە بەستووەتەوە، بەڵام چارەنووسی میللەتێک گرنگترە. گوتیشی: "ھەموو ئەو وڵاتانەی سەربەخۆییان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوانی پەرلەمان نەبوون، بەڵکو پەرلەمان دوای دروستبوونی دەوڵەت بایەخی ھەبووە لەلایان. ئەوەی تا ئێستا ڕێگر بووە لە پێش سەربەخۆیی کوردستان، نەبوونی پەرلەمان و کاراکردنەوەی پەرلەمان نەبووە، بەڵکو ئەوان بە قسەی چوار عەرەبی شۆڤێنی دەستبەرداری ھەموو شتێک دەبن“.
ئەم قسانەی عەلی عەونی دوای ئەوە هات کە کاتێک شاندی هاوبەشی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستانیان دەکرد لە بارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێیانوایە ڕیفراندۆم تەنیا کاری پەرلەمانە و پێویست بە کۆبوونەوەی حزبەکان ناکات.
باسنیوز
