محەمەدی حاجی مەحموود: ئەو ھەموو شەھیدەمان بۆ حوکمی زاتی و مانەوە لە عێراق نەبەخشیوە

محەمەدی حاجی مەحموود: ئەو ھەموو شەھیدەمان بۆ حوکمی زاتی و مانەوە لە عێراق نەبەخشیوە


سەرۆکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کەگەلی کورد وەکو ھەموو گەل و نەتەوەیەکی دیکە مژدەی سەربەخۆی کوردستانی گەورە بەدەست دەھێنێت، ئەو ھەموو شەھیدەش بۆ حوکمی زاتی نەبووە.



محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "سەربەخۆیی کوردستان، تەنھا قسەی سیاسییەکان نییە، بڵکو پرسێکی نیشتمانییە و بۆ ئایندە دەبێتە ئەمری واقیع، گەلی کورد ھاوشێوەی گەل و نەتەوەکانی دیکە مژدەی سەربەخۆیی کوردستان بەدەست دەھێنێت".



سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکرات، ئەوەشی خستەڕوو: "خودی خۆم گەشبینم بەسەربەخۆیی کوردستان، بێگومان دەبێت گەلی کورد سەربەخۆیی بەدەست بھێنێت و ئاڵاکەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان ھەڵبواسرێت، ھەروەھا ھێزێکی سەربازی نیشتمانی ھەبێت، سنوورێکی دیاری کراومان ھەبێت لەگەڵ وڵاتانی جیھان و عێراقیشدا".



ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە ئەو ھەموو شەھیدەمان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەخشیوە، نەک بۆ حوکمی زاتی و مانەوەمان لە حکوومەتی عێراقی، بۆیە دڵنیام گەلی کورد دواجار دەبێتە خاوەنی دەوڵەتێکی سەبەخۆ".



ڕۆژی پێنج شەممە 6ی نیسانی 2017 شاندی ھاوبەشی یەکێتيی نیشتمانی و پارتی دیموکراتيی کوردستان لە شاری سلێمانی، لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ ھەریەک لە بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست کۆبوونەوە. ئەو دوو حزبەش پشتگیری خۆیان بۆ پرسی ڕیفراندۆم سەربەخۆی کوردستان دووپات کردەوە
BAS NEWS-
Top