شڕۆڤەکارێکی سیاسی: هەولێر بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بەغدای هێناوەتە سەرهێڵ

شڕۆڤەکارێکی سیاسی: هەولێر بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بەغدای هێناوەتە سەرهێڵ
شڕۆڤەکاری سیاسی (د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) باوەڕی وایە کە لە ئاکامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کاربەدەستانی بەغدا بەزووی هاتوونەتەسەرهێڵ بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێ.

(د.عەبدولحەکیم خەسرۆ)، پسپۆر لە زانستە سیاسییەکان و شڕۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خۆی دەستکەوتێکی گرینگە بۆھەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر ھەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان نەدابوایە ئەوا بەغدا بەھیچ جورێک خۆی لەقەرەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکان نەدەدا، چونکە چەندین ساڵە عێراق ھەنگاوی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور، بەرلە دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنی گرتنەوەی شاری مووسڵ سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و عێراق باسکردووە، بەڵام عێراق ھەمیشە عێراق ویستوویەتی کێشەکە دوابخات.

ئەو پسپۆرەی زاستە سیاسییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد" ئەگەر ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی یەکەمی نەنابوایە ئەوە بەغدا ھەرگیز باسی جێ بەجێکردنی دەستوور و مادەی ١٤٠ نەدەکرد، ئێستا ئەوان زیاتر دێنە پێشەوە و داوا دەکەن لیژنەکانی مادەی ١٤٠ ئەکتیف بکرێن و پرسەکان لەرێگەی جێ بەجێکردنی دەستوورەوە چارە بکرێن.
.
(د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) ئاماژەیشی دا، "خاڵێکی گرینگە پارتی و یەکێتی یەک ھەڵوێستیان ھەیە و ئەگەر پارتی و یەکێتی یەکبن ئەوا لایەنەکانی بەغدا ناتوانن بەرانبەریان بووەستن و لە ئاستی دەرەوەش حیسابی زۆریان بۆدەکرێت، چونکە زۆر گرینگە یەکگرتووبن بۆ پێکەوە بچنە قۆناغی نوێی کورد ھەلیگرتووە بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندم و راگەیاندنی سەربەخۆیی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کارێکی زۆر باشیانکردووە لەوەی کێشە ناخۆیەکانیان خستووتە خوار پرسی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەویش ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیە ئەوە زۆر گرینگە بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێمی کوردستان.

kdp-
Top