"پەکەکە دیموگرافیای عەفرینی گۆڕیوە و پڕی کردووە لە عەرەب"
عەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا دەکەوێتە سەرسنوور، شارێکی تەواو ستراتیژییە، حەوت ناحییەی هەیە و باکوور و رۆژئاوای تورکیاییە و لە باشووریشیەوە پارێزگای ئیدلبە و لە رۆهەڵاتی عەفرینیشدا پارێزگای حەلەب هەیە، ئەو شارە لە ئێستادا کە پەکەکە دەستی بەسەرداگرتووە وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن، پەکەکە دەیەوێ مۆرکی کوردایەتی لێ نەهێڵێ، چونکە تەعریبی کردووە و دیمۆگرافیای شارەکەی گۆڕێوە. چونکە ئەو کەسانەی کە کوردایەتی دەکەن رێک پەکەکە دەستگیریان دەکات.
سەرکردەی دیاری ئەنەکەسە (عەبدولڕەحمان ئاپۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە دوای ساڵی ٢٠١٢ کاتێک رژێمی سووریا عەفرینی رادەستی پەکەکە کرد تا ئێستای لەگەڵدابێ نزیکەی ٧٠٠ ئەندامی ئەنەکەسە دەستگیر کراون، ئێستایشی لەگەڵدابێ لە عەفرین ٨٠%ی زیاتریش ئەو کوردانەی لێی دەژین و ماون لەگەڵ ئەنەکەسە دان، تەنیا ئەگەر عەفرین بەنمونە وەربگرین دەردەکەوێ کە پەکەکە چەندە دژی کوردایەتییە ئەوەتا بەهەموو جۆرێک گوشاری خستووەتە سەرمان و ئەشکەنجەی سیاسی ئەنەکەسە دەدات.
ئەو سەرکردەی ئەنەکەسە روونی دەکاتەوە کە بەر لە پەکەکە ٩٥%ی خەڵکی عەفرین کوردبوون، کەچی پەکەکە تەعریبی کرد و عەرەبی هێنایە عەفرین، دیموگرافیای عەفرینی گۆڕی و، ئێستا ٦٠%ی شارەکە عەرەبی لێیە و تەنیا ٤٠%ی کورد ماون.
عەفرین لە پێشدا ژمارەی دانیشتوانی ملیۆنێک کەس بووە، تەنیا لە سەنتەری شاردا ٦٠٠ هەزار کەس دەژیان، بەگوێرەی زانیاری (عەبدولڕەحمان ئاپۆ) لە ئێستادا خەڵکی کورد لە عەفریندا چاوەڕێی گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژن بۆ ئەوەی بێن و پارێزگاری لە عەفرین بکەن تا مۆرکی کوردایەتیی لێ بمێنێ.
ئاماژەیشی دا، لە ئێستادا ١٠ ئەندامی دیاری ئەنەکەسە پەکەکە زیندانی کردوون، بەڵام خەڵکی ئێمە لەسەر کوردایەتیی خۆی بەردەوامە، پەکەکە کاری زۆرناشیاو دەکات لەگەڵ ئەوەی کە عەرەبی هێناون، ئێستا دەستی ئێرانیشی گرتووە و هێناویەتی بۆ شارەکەمان.
kdp-
