سەرۆک بارزانی: هەرێمی كوردستان یارمەتیی مەسیحییەكان دەدات بۆ ئەوەی ئاییندەیان گەرەنتی بێت و بگەڕێنەوە ناوچەكانیان
ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستانیان كرد لە پاڵپشتیكردنی مەسیحییەكان لە كاتی تەنگانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتەی مان و نەمانی مەسیحییەكانی كردووەتە ئامانج. هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە پێزانینیان بۆ قارەمانێتی پێشمەرگە هەبوو و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانیشیان لە سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و كوردستان نیگەرانییەكانی خۆیان لەبارەی ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانیان و دوا پێشهاتە مەیدانییەكان و هەروەها قۆناغی دوای داعش بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی قۆناغی دوای داعش خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردانی تیرۆریستان بۆسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ كات لەگەڵ ئەوە نەبووە كە خوشك و برا مەسیحییەكان وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و هەر لەسەرەتای شەڕی داعش بەوانی ڕاگەیاندووە كە یان بەیكەوە بە ئازادی دەژیین یان پێكەوە بە سەربەرزی دەمرین. هەروەها هێمایشی بە بارودۆخی ئاڵۆزی قۆناغی دوای داعش دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە هەموو دۆخێكدا یارمەتیی خوشك و برا مەسیحییەكان بدات بۆ ئەوەی ئاییندەیان گەرەنتی ببێت و بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
(سەرۆك بارزانی) جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە دانیشتوانی ناوچە ئازادكراوەكان بڕیاری كۆتایی لەسەر ئاییندەی خۆیان بدەن و بشتوانن خۆیان بپارێزن و بەڕێوە ببەن و پەیوەست بەم باسەوە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێویستی خستەڕوو.
KDP-
