سەرکردەیەکی یەکێتی: لەگەڵ پارتی ڕێککەوتن دەکەین
سامان گەرمیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لەلێدوانێکدا ڕای گەیاند: "یەکێتی پشت لە ھیچ لایەنێکی سیاسی ناکات و لەچوارچێوەی نەخشەڕێگاکەی خۆیدا بەنیازە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئەنجام بدات، چونکە ئێمە دەزانین تەنھا ڕێککەوتن باشترین ڕێگایە بۆ تەبایی و وەلا نانی ناکۆکیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانی کودستان“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ھیچ لایەنێکی سیاسی بەبێ یەکێتی و پارتی، ”ناتوانێت حکومڕانیی ئەم وڵاتە بکات، لە ڕابردووشدا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، بەڵام ئێستا ئێمە پێویستمان بەوەیە ھەموومان لەم قۆناغەدا کۆبینەوە تاوەکو بتووانین کێشە چەقبەستووەکانی ئێستا چارەسەر بکەین“.
بە گوتەی سامان گەرمیانی، ھەموو ئەم کێشانەی ئێستا سەری ھەڵداوە، ”قابیلی چارەسەرکردنە“، بەڵام چارەسەرکردنی ھەموو کێشەیەک، پێویستی بە یەکدەنگی و یەک ھەڵوێستیی پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە ھەیە، ئێستاش ”کاتی ئەوە ھاتووە کە ھەموومان پێکەوە ھەنگاوی جدی بنێین بۆ جێبەجێکردنی خواست و داوا ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان“.
دەربارەی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، سامان گەرمیانی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ئاماژەی بەوە کرد: "یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵ پرسی ڕیفرۆندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندایە، چونکە بە بەرپرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانین، بەڵام پرسی ڕیفراندۆم تەنھا بە پارتی و یەکێتی ناکرێت، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور لەو پرسە نەتەوەییە بەشداری بکەن، بەڵام ئەگەر بەشێکی حزبەکان لەگەڵ ئەو پرسەدابن یاخود بەشێکی دیکەی لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم نەبن، دواجار زیان لە ئایندەی وڵاتەکەمان و سەربەخۆیی کوردستان دەدات“.
باسینوز
