دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستیی خواردن بۆ 380 خێزانی ئاوارە دابین دەکات

 دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستیی خواردن بۆ 380 خێزانی ئاوارە دابین دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی پێداویستیی خواردنیان بۆ 380 خێزانی ئاوارە دابین کرد، ھەروەھا پێداویستیی خوێندنیشی بۆ 360 قوتابیی دابین کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5/4/2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی پێداویستی خواردنیان بۆ 380 خێزانی ئاوارەی کەمپەکانی دیبەگە دابین کرد، کەمپەکانی دیبەگە تایبەتن بە ئاوارە عێراقییەکان، دەکەونە سنووری پارێزگای ھەولێر و لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێن.

ھاوکات دوێنێ سێشەممە 4/4/2017، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپی حەسەنشام جانتا و پێداویستیی خوێندنیان بۆ 360 قوتابی کە لە قوتابخانەی حەسەنشامدا خەریکی خوێندنن، دابین کرد، پێداویستییەکانیش پێکھاتبوون لە: دەفتەر و قەڵەم و رەشکەرەوە و ..ھتد.

قوتابییەکان لە کاتێکدا لە کەمپی حەسەنشام درێژە بە خوێندن دەدەن کە بەھۆی تیرۆریستانی داعشەوە زیاتر لە دوو ساڵە لە خوێندن دابڕاون و جارێکی دیکە لە ناو کەمپەکاندا ھەلی خوێندنیان بۆ دابین کراوەتەوە.

کەمپی حەسەنشام دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێت.








باسنيوز
Top