فازڵ میرانی: لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتین
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشدا، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ڕای گەیاند، لە کۆبوونەوەی شاندی ھاوبەش لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرەلمانی عێراق، باسیان لە پرسی ڕیفراندۆم کردووە و لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕیفراندۆم مافی ھەموو گەلێکە و لە ھەندێک وڵات، حکوومەت خۆی ڕیفراندۆم لەسەر کاروباری ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەکات، بۆیە گەلی کورد مافی خۆیەتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات. گوتیشی: ”ئەمە مانای ئەوە نییە کە دوای ڕیفراندۆم کوردستان یەکسەر جیا دەبێتەوە، کورد ڕیفراندۆم دەکات بۆ ئەوەی بۆچوونی گەلی خۆی وەربگرێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە بارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقەوە، ”ئێمە گوێمان لە سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرت، ویستمان بزانین بۆچوونی چییە؟ ھەندێک پرسمان باس کرد، لەبارەی چۆنیەتی ئەم بڕیارە، داوامان کرد گفتوگۆکان بەردەوامی ھەبێت“.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/4/2017، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، فازڵ میران، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێکهاتووە، سەردانی بەغدایان کرد و لەبارەی ڕیفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی دەکەن.
باسنيوز
