هێزێکی تورکمانی لەناو پێشمەرگەدا دروست دەکرێت

 هێزێکی تورکمانی لەناو پێشمەرگەدا دروست دەکرێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیارە کار بکرێت بۆ فراوانکردنی سنووری ھێزی پێشمەرگە لە ئاستی پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکاندا و دەڵێت: "ھەنگاوەکان لەو بارەوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "دەبێ لەناو ھێزی پێشمەرگە لیوایەکی تورکمانمان ھەبێت، ھەروەک چۆن بڕیارە بەم نزیکانە لیوایەکی عەرەبی لەناو ھێزی پێشمەرگە دەست بەکار بێت، دواجار ئێمە دەڵێین پێشمەرگە پێشمەرگەی کوردستانە و بەتەنیا ھی کورد نییە، بۆیە ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر پەیوەندی بە ھێزی پێشمەرگەوە دەکەن و خەڵکێکی زۆریش داوا دەکەن پێشمەرگە لە سنووری ناوچەکانی نەینەوا نەکشێتەوە."

ئەو ئەنجام پەرلەمانە گوتیشی: "لەو ڕێگایەوە پەیامێک بە عەرەب دەدەین کە ئەوە پێکھاتەی پێشمەرگەیە و دژی ئێوە نییە و پەیامێکیش بە تورکیا دەگەیەنرێت کە ئەوەی بەناوی تورکمانەوە قسە دەکات تەنیا حزبێک نییە و نیشانەی ئەوەیە کە تورکمان لەناو پێشمەرگەن ھەن، ھاوکات لەگەڵ ئەوەی ھێزی نێودەوڵەتیش مەشق بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە بەڵگەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە".

گوتیشی: "ئەمە لە داھاتوودا کاری لەسەر دەکرێت و ئەگەر قەیرانی دارایی نەبوایە، لە ساڵی 2014دا دروست دەکرا، بەڵام قەیرانەکە وای کرد دوا بکەوێت".











باسنیوز
Top