شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆ دەبێتەوە

 شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆ دەبێتەوە
شاندی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ رێبەری رەوتی سەدر کۆ دەبێتەوە.

شاندەکە رۆژی چوارشەممە 5.4.2017، سەردانی شاری بەغدای کرد و لەیەکەم کۆبوونەوەشیدا، لەگەڵ فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق کۆ بووەوە.

دواتر شاندە هاوبەشەکە چوونە ماڵی سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و تاوتوێی پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک‌یان کرد.

ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە شاندەکە لەگەڵ موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر کۆ ببێتەوە.

شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێکدێت.

لە کۆبوونەوەکانیدا، کە بڕیارە دواتریش لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان ئەنجامی بدات، شاندەکە تاوتوێی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک دەکات.

رۆژی یەکشەممە 2.4.2017، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و بڕیاری پێکهێنانی دوو شاندی هاوبەش درا، یەکێکیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان و یەکێکیش بۆ سەردانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.

رۆژی دووشەممە 3.4.2017، شاندی هاوبەش لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعیی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا کرا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و بڕیاریش بوو سەردانی گۆڕان بکەن.
Top