داواکاری گشتی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی لەسەر فەتلاوی دەکات
لە نووسراوێکی ”نهێنێی و تایبەتی“دا، هۆبەی یاسایی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی رایدەگەیەنێت، کە ریاز غالی مفتن ساعدیی پەرلەمانتار سکاڵایەکی لەسەر حەنان فەتلاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی ئیرادە و پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا تۆمار کردووە.
هەروەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، حەنان فەتلاوی جنێو و سووکایەتی بە ریاز غالی کردووە و دادگاش دوای سکاڵاکە، هەموو رێکارە یاساییەکانی گرتووەتەبەر.
دادگا بڕیاری داوە بەپێی ماددەی 434 لە یاسای سزاکان بانگهێشتی حەنان فەتلاوی بکات و بۆ ئەو مەبەستەش، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات پارێزبەندیی یاسایی لەسەر ئەو ژنە پەرلەمانتارەی ئیئتیلافی نوری مالیکی هەڵبگرێت.
حەنان فەتلاوی بەردەوام هێرش دەکاتە سەر نەیارانی سیاسیی خۆی و دوژمنێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستانە.
باسنیوز
