بەوێنە؛ سێ منداڵە فڕێدراوەکەی هەولێر گەڕانەوە لای باوکیان

بەوێنە؛ سێ منداڵە فڕێدراوەکەی هەولێر گەڕانەوە لای باوکیان
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 2-4-2017 سێ منداڵی خێزانێک بەهۆی ئەوەی کەس لەخۆی نەدەگرتن، کەوتنە سەر شەقام و دواتر لەلایەن پۆلیسی رێککارییەوە بردرانە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان، هەر ئەو رۆژە دادگا بەشێوەیەکی کاتی منداڵەکانی دایەوە دایکی، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 4-4-2017 باوکی منداڵەکان لە دادگا منداڵەکانی وەرگرتەوە و ئەرکی دابینکردنی بژێوی ژیانیان و بەخێوکردنیانی گرتەوە ئەستۆ.

کاسترۆ عەبدوڵڵا، باوکی منداڵەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای هەولێر بە رەزامەندی دایکیان و لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە، هەرسێ منداڵەکەی (ئیلینا، ڤینا و ڤیدڵ)، لە دایکیان وەرگرتەوە و ئامادەیە خەرجی و ئەرکی بەخێوکردنیان بگرێتەوە ئەستۆ.

باوکی 3 منداڵەکە گوتیشی "تەنها مەرجم بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەکان ئەوە بوو کە هیچ کەسێک لە بنەماڵەی دایکیان پەیوەندیم پێوە نەکات و داوای منداڵەکان نەکات".

هەر لەبارەی ئەم پرسە، ئەژین جەلال رەشید، پارێزەری دایکی منداڵەکان بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ لە دادگای هەولێر منداڵەکانمان رادەستی باوکیان کردەوە و ئەویش ئامادەیی دەربڕی کە هەموو خەرجییەکانیان بۆ دابین بکات و بەخێویان بکات".




رۆژی دووشەممە 3-4-2017 بەرنامەی هۆتلاین-ی تۆڕی میدیایی رووداو تایبەت کرا بە کەیسی ئەو سێ منداڵە. هەر لە کاتی بەرنامەکە و دوای بەرنامەکەش چەند لایەنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیش پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ لەخۆگرتن و بەخێوکردنی سێ منداڵەکە.

باوک و دایکی ئەم سێ منداڵە ماوەی دوو ساڵە لە یەکدی جیابوونەتەوە، لەو ماوەیەشدا ئەو سێ منداڵە لەلای پوورێکیان بوون، دواتریش کەوتنە سەر شەقامەکان.



rudaw -
Top