یەكگرتووی ئیسلامی پشتیوانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك راگەیاند
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 4-4-2017، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پشتیوانی هەردوو فراکسیۆنی گەیاندە ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری کەرکووک و ئەو ئەندامانەی بەشداربوون لە دەرکردنی بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگاكەدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رایگەیاند: "ئێمە وەکو ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بڕوامانوایە، چەندە حکومەتی فیدراڵی لە کەرکووک مافی هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش بە پێکهاتەکانییەوە لە کەرکووک ئەو مافەیان هەیە".
موسەننا ئەمین گوتی "هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بەهیچ شێوەیەک پێچەوانەی دەستوور و یاساکانی عێراق نییە، چونكە لە ماددە 110ی دەستووری عێراق بەڕوونی باسی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئیتحادی کراوە، بەبێ ئاماژەكردن بە باسی ئاڵا".
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، دەستوور و پەرلەمانی عێراق دانیان بە هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکان و ئاڵاکەی ناوە، ئەمەش دانپێدانانێکە بەوەی لە هەموو شوێنێکی عێراقدا ئەو ئاڵایە کە پێویست بوو هەبێت، دەبێت هەبێت.
بەبۆچوونی موسەننا ئەمین، ئەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرچوو تەواو یاساییە، "ئەسڵەن نەدەبوو لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر بڕیارێک بکرێت کە لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەرکراوە و تابعی تەنفیزی هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی عێراقەوە نییە، پەرلەمان کاری یاسادانان و چاودێرییە.
عادل نووری لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەكگرتوو دەركەوتەوە
دوای ماوەیەكی زۆر لە دووركەوتنەوەی لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، لەو سەردانەدا عادل نووری، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ پەرلەمانتارانی حیزبەكەی دەركەوتەوە، عادل نووری رایگەیاند ئەو هەر پەرلەمانتاری یەكگرتوو بووە، بەڵام ئەندامی فراكسیۆنەكەیان نییە. سەرۆكی فراكسیۆنەكەشیان دەڵێت "ئەو كێشەی لەگەڵ كاك عادل هەبوو چارەسەركراوە".
عادل نووری بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دەركەوتنی لە كەركووك لەگەڵ فراكسیۆنە جیاجیاكانی یەكگرتوو پەیوەندی بە هەڵوێستێكی نەتەوایەتییەوە هەیە. گوتیشی "من پەرلەمانتاری یەكگرتووم، بەڵام لە بەغدا ئەندامی فراكسیۆنەكەیان نیم".
موسەننا ئەمین لەسەر هەمان پرس قسەی بۆ (رووداو) كرد و روونیكردەوە، ئەو كێشەیەی لەگەڵ عادل نووری هەیان بووە چارەسەركراوە. گوتیشی "كاتی خۆی كە بەهۆی هەڵوێستێكی كاك عادلەوە گرفتێك دروست بوو، بۆ ماوەیەك حیزب بڕیاری سڕكردنی دا، ئەو بڕیارەی حیزبیش هیچ پەیوەندییەكی بە هەڵوێستی فراكسیۆنەكەمانەوە نەبوو، ئێستاش ئەو گرفتە چارەسەركراوە".
لە مانگی 4ی ساڵی رابردوو، كۆمەڵێك پەرلەمانتاری عێراق داوای دوورخستنەوەی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان كرد لە پۆستەكەی، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە مانگرتن كرد، بەجیا لە فراكسیۆنەكەی، عادل نووری پەرلەمانتاری یەكگرتوو هەمان هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی هەبوو، لەسەر ئەو هەڵوێستەش رۆژی یەكشەممە 17-4-2016 مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی، عادل نووری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە.
لەو كاتەشەوە عادل نووری لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەكگرتوو هاوهەڵوێستی دەرنەبڕیوە، بەڵام رۆژی سێشەممە 4-4-2017، لە شاری كەركووك لەگەڵ فراكسیۆنە جیاجیاكانی ئەو حیزبە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا دەركەوت.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
rudaw -
