سلێمانی.. 44 دەرچووی زانکۆ دادەمەزرێن

سلێمانی.. 44 دەرچووی زانکۆ دادەمەزرێن


لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی،44 دەرچووی زانکۆ لە پسپۆڕییەکانی پەیوەست بە پەروەردەی منداڵ، بە ناونیشانەکانی بەڕێوەبەر، توێژەری کۆمەڵایەتی ‌و دەروونی، لە دایەنگە ناحکوومییەکان دادەمەزرێن.



لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری ‌و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی، لە ڕێگەی بەشی دایەنگەکان و بەشە پەیوەندیدارەکانەوە، سەرقاڵی ژمارەیەک و ڕێنمایی ‌و جێبەجێکردنی بڕیار بوو، بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی دایەنگە ناحکومییەکان.


یەکێک لە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری ‌و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بریتی بوو لەوەی کە پێویستە دایەنگەیەکان توێژەری کۆمەڵایەتی یان دەروونیان ھەبێت، بەڕێوەبەرەکانیشیان نابێت ئاستی لە بەکالۆریۆس کەمتر بێت، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش بووە ھۆی ئەوەی 22 دایەنگە کە بەڕێوەبەرەکانیان بڕوانامەی پێویستیان نەبووە، دەرچووانی زانکۆ دابمەزرێنن و 16 دایەنگەی دیکەش توێژەری کۆمەڵایەتی ‌و دەروونی بۆ دایەنگەکانیان دابین بکەن.


سەرجەمی ئەو دەرچووانەی زانکۆش کە بوونە خاوەنکاری خۆیان بریتین لە 38 دەرچووی زانکۆ کە زۆرینەیان لە پسپۆڕییەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسین.



عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی ‌و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی، ڕای گەیاند: "نامانەوێت ببینە بارگرانی لەسەر دایەنگەکان، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ‌و پاراستنی مافی منداڵ ، پەروەردەیەکی باشتر و ژیانێکی سەلامەتتر، ئەو ڕێکارانەمان گرتووەتەبەر، ئەویش بە پشت بەستن بە یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکانی دایەنگە".



ئەوەشی خستەڕوو: "خۆشحاڵیشن کە ئەو بڕیار و ھەنگاوانە سەڕەرای باشترکردنی کاری دایەنگەکان بوونەتە ھۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ئەو ژمارەیە لە گەنجان".

bas news -
Top