بەهۆی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی سەرکردەیەکی گۆڕان هێرش دەکاتە سەر یەکێتی
عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، لە وتارێکیدا کە بە ناونیشانی (سەرانی یەکێتی لەشفرۆشی لەچکداران)، وتارێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا سەرکردەکانی یەکێتی بە ”سۆزانی“یەکان بەراورد کردووە و بە شێوەیەکی زۆر توند هێرشی کردووەتە سەریان.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”کاری سەرانی یەکێتی تەنھا خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و بەس، باسی ئاڵا و ڕیفراندۆم و ھەر پرسێکی دیکەی نیشتمانی لە لایەن بەرپرسانی یەکێتی، تەنھا درۆیەکی شاخدارە و مەرامێکی بۆگەن بۆ پارتی جێ بە جێ دەکەن لە پشتی ئەو شعارە نیشتمانییانەوە“.
بە گوتەی خۆی، بزووتنەوەی گۆڕان ھێزێکی خۆماڵی و ڕەسەنە و پەرۆشە بۆ هێنانەدی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان. بەڵام دەڵێت: ”ھیچ ھۆکار و ئومێدێک نەماوە بۆ بەردەوام بوون و پەیوەست بوونی زیاتری گۆڕان بە ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی، چونکە ئەوەی دەبینرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوون دەبێتەوە، ئەمانە نەک ئەخلاقی سیاسی، بەڵکو ئەخلاقی کەسیشیان لە دەستداوە لە پێناوی پارەدا و پارتی ھەرکات بیەوێت، وەکو جیهازێکی قومارکردن پارەیان تێدەکات و بە کاریان دێنێت“.
لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنەکانیش لەسەر ڕیفراندۆم، ئەو سەرکردەیەی گۆڕان نووسیویەتی: ”ھەرچەندە وا دەرەکەوێت جەماوەری ئێمە دژی پێشوازی کردنی شاندی پارتی و یەکێتییە، بەڵام من پێموایە ئێمە پیرۆزبایی لە شاندە ھاوبەشەکەیان بکەین و پێیان بڵێین ئێوە پێکەوە جوانن و گۆڕانیش بە بێ ئێوە جوانە و بۆ کۆبوونەوەیش لەگەڵیان گۆڕان بۆ ڕای جەماوەرەکەی خۆی دەگەڕێتەوە“.
ئەم قسانەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 2/4/2017 هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و بڕیاریان دا کە بەیەکەوە هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم چڕ بکەنەوە و ڕۆژی دواتریش زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان دەست پێ کرد. ئەمەش هیوای لای چاودێرانی سیاسی دروست کرد کە کۆبوونەوەکە بەستەڵەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تواندووەتەوە، بەڵام لەو کاتەوە چەندان سەرکردە و ڕۆشنبیر و نووسەری سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بە بیانووی جۆراوجۆر، دژایەتییان بۆ ڕێککەوتنەکە و هەوڵەکان لە بارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی چڕ کردووەتەوە.
باسنيوز
