ئیدارەی ئەمریکا: بەهیچ شێوەیەک گەلی کورد بە تەنیا بەجێ ناهێڵین
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، کە لە رۆژی سێشەممە 4.4.2017 بڵاو کراوەتەوە، رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت و لەسەر بنەمای ئەنجامی ریفراندۆمەکەش، ”دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەکەین“.
محەمەدی حاجی مەحموود، کە بە کاکە حەمەش ناوی دەهێندرێت، ئاماژەی ەبوە کردووە، کە شاندی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی (کۆنفرانسی میونشن)، جەختی لە مافی سەربەخۆیی بۆ کورد کردووەتەوە و ”گەلی کوردستان هەرگیز ناگەڕێتەوە قۆناغی پێش داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش“.
رۆژی 17.2.2017، لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا کۆنفرانسی ئاسایشی جیهان دەستی پێکرد و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی کوردستان بەشداریی تێدا کرد.
کاکە حەمە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەنتۆنیپۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەسعود بارزانی باسی پرۆسەی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستان کردووە.
سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان کە بەردەوام لە سەردانەکانی دەرەوەی وڵاتدا یاوەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە و بە شاندی کوردستانیان راگەیاندووە، ئەمریکا جارێکی دیکە ”گەلی کورد بە تەنیا بەجێ ناهێڵین“.
محەمەدی حاجی مەحموود هەروەها رایگەیاندووە، ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێشەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چونکە حکوومەتی عێراق وەک هاووڵاتیی پلە دوو سەیری کورد دەکات، بەشەبودجەی کوردستان و مافی پێشمەرگەی بڕیوە و دەستووری عێراق جێبەجێ ناکات.
باسنيوز
