شاندی کوردستان پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات

شاندی کوردستان پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات
شاندی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەردانی شاری بەغدا دەکات و پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.



چاوەڕوان دەکرێت شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و گرنگترین تەوەری گفتوگۆکانیش، پرسی ئاییندەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت.



بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە، کە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێکدێت، رۆژی چوارشەممە 5.4.2017 سەردانی بەغدا دەکات.



رۆژی یەکشەممە 2.4.2017، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانئی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و بڕیاری پێکهێنانی دوو شاندی هاوبەش درا، یەکێکیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان و یەکێکیش بۆ سەردانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.



تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندەکە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان.



پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندبوو، ساڵی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.








باسنیوز
Top