نەوشیروان مستەفا پشکەکانی لە کارگەی چیمەنتۆدا دەخاتە سەر ناوی (چیا)ی کوڕی

 نەوشیروان مستەفا پشکەکانی لە کارگەی چیمەنتۆدا دەخاتە سەر ناوی (چیا)ی کوڕی
بەپێی ئەو بەڵگە فەرمییانەی دەست (باس) کەوتوون، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشێک لە پشکەکانی لە کارگەی چیمەنتۆی سلێمانی بە ناوی (چیا)ی کوڕیەوە کردووە. چاودێرێکی سیاسییش پێی وایە پرسی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی، لە بنەماوە لەسەر بەش و موڵک بووە نەک ئایدۆلۆجیا و فکری جیاواز.

بە نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی سلێمانی، بە ژمارە (٣١٤٢) کە لە رێکەوتی ٢٢-٦-٢٠١٦ دەرچووە و واژۆی سۆران ئەحمەد ئیسماعیل، بەڕێوبەری کۆمپانیاکانی سلێمانیی بەسەرەوەیە، لەسەر داوای بەڕێوبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیا (ھاوڕێ دارۆ نووری) لە کۆمپانیای (گاسن بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ - سنووردار)، بە ئاماژە بە کۆنووسی کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی کۆمپانیا و ئەنجومەنی کڕین و فرۆشتن لە ٢٢-٦-٢٠١٦، تیایدا بڕیار دراوە بە:

فرۆشتنی سەرجەم پشکەکانی ھاوپشکی کۆمپانیا (نەوشیروان مستەفا ئەمین) بە بڕی (١٥٠٠٠٠) سەد و پەنجا ھەزار پشک بە ھاوپشکی نوێ (چیا نەوشیروان مستەفا).

ھەر بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی کۆمپانیای گاسن بۆ وەبەرھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ، کە واژۆی ھاوپشک Kurd Cem و (نەوشیروان مستەفا)ی بەسەرەوەیە، کە لە کۆی یەک ملیۆن پشک، نەوشیروان مستەفا خاوەنی (١٥٠٠٠٠) پشکە لەو کۆمپانیایە، کە پێشتر ھەموو پشکەکان بە ناوی کۆمپانیای (وشە) بوون، ئێستا ھەر پشکێکی لەوەی بە ناوی خۆی ماویەتی، بە بڕی یەک دیناری عێراقی داوەتە چیای کوڕی و بە ناوی ئەویەوە کردووە.

ھەر بەپێی نووسراوێکی دیکە، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی کۆمپانیاکانی سلێمانی، ژمارە (٤٣٦٧)، کە لە رێکەوتی ٢٥-٧-٢٠١٣ دەرچووە، بە بڕیاری کارگێڕیی ژمارە (١٤٦٥) کە تایبەتە بە دامەزراندنی (کۆمپانیای وشە بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ - سنووردار) ناوی کۆمپانیاکە بۆ (گاسن بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ - سنووردار) گۆڕاوە، تیایدا ئاماژە بە ئەنجومەنی کڕین و فرۆشتن و کۆنووسی کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی کۆمپانیا لە (١٥-٧-٢٠١٣) دراوە، کە بڕیار دراوە بە فرۆشتنی بەشێک لە پشکەکانی (نەوشیروان مستەفا ئەمین) کە بریتییە لە (٨٥٠٠٠٠) پشک بۆ کۆمپانیای Kurd Cem، بەوەش نەوشیروان مستەفا ئەو (١٥٠٠٠٠) پشکەی ماوەتەوە، کە بە ناوی (چیا)ی کوڕیەوە کردووە.

ھەر بەپێی بەڵگە فەرمییەکان، بە نووسراوی ژمارە (١٤٦٥) کە لە رێکەوتی ٣٠-٧-٢٠٠٧ دەرچووە، نەوشیروان مستەفا، بڕیاری رەزامەندیی دامەزراندنی (کۆمپانیای وشە بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ - سنووردار)، کە سەرمایەکەی یەک ملیۆن دینارە لە بەڕێوبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی سلێمانی پێ دراوە، ئەو بڕە پارەیە وەکو رۆتین بۆ حسابی بانکی دادەنرێت و خاوەنی کۆمپانیاکان لەبەر خۆدزینەوە لە باج ئەو بڕە کەمە دادەنێن کە نابێت لەوە کەمتر بێت.

ھاوکات ھەر لەناو نووسراوە فەرمییەکاندا بەڵگەنامەی ھەموارکردنی کۆمپانیای (گاسن) بۆ بەرھەمھێنان و بازرگانیی چیمەنتۆ - سنووردار ھەیە، لەگەڵ چەندین بەڵگەی دیکەی فەرمی، لە گۆڕینی بەرێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای (گاسن) لە (فازڵ عەبدولقادر محێدین)ەوە بۆ (ھاوڕێ دارۆ نووری) کە کوڕی دارۆی شێخ نووری، کادیری کۆمەڵەی رەنجدەران و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە.

ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەسانی نزیک لە نەوشیروان مستەفا K ئێستا نەوشیروان مستەفا ھەموو موڵکەکانی بە گردی زەرگەتەشەوە، کردووەتە سەر ناوی منداڵەکانی. ھاوکات لە رێگەی گەڕانەوەی چیا و نمای کوڕیەوە پەیامێکی داوەتە ھێرۆ ئیبراھیم و کوڕەکانی تاڵەبانی، کە بە ئەمانەتەوە ئەوان بپارێزن.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەناو منداڵ و کەسە نزیکەکانی، ئەو کارەی وا لێکدەدرێتەوە کە نەوشیروان مستەفا بە ھیچ شێوەیەک بەنیازی گەڕانەوە نەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان و لەلایەکی دیکەش پەیوەندیی بە ترسی لە باری تەندروستییانەوە ھەبێت.

جەمال عەبدوڵا، نووسەر و چاودێری سیاسی، کە پێشتر چەندین بەڵگەی لەبارەی موڵکەکانی نەوشیروان مستەفا بە نووسراوی فەرمی بە (باس) داوە، ئێستا ئاماژەی بەوە دا، ھەر لە بنەماوە نەوشیروان مستەفا کە لە یەکێتی جیا بووەتەوە، پرسی جیابوونەوەکەی پەیوەندیی بە فکر و ئایدۆلۆجیا و تێگەیشتنی جیاوازیی سیاسییەوە نەبووە، تەنیا پەیوەندیی بە پشک و بەشەوە ھەبووە، کە پێی وابووە لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە غەدری لێ کراوە.

جەمال عەبدوڵا گوتیشی: ”ململانێی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ یەکێتی ھەمووی لەبەر ئەوە بووە کە خۆی بە بەشخوراو زانیوە، ئەو دروشمانەی ھەڵی گرتووە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و جەماوەرێکی خوێنگەرم بووە، تا کۆیان بکاتەوە و بۆ وەرگرتنی بەشەکانی لە یەکێتی بەکاریان بھێنێت“.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نەوشیروان مستەفا لە رابردووشدا ھەر خەڵکی بەکارھێناوە و خۆی قسەی ھەیە کە دەڵێت: ”کاتێک مارکسی بووم لە کۆمەڵەی رەنجدەران بڕوام بە تیۆرەکانی مارکس نەبووە“.

ئاشکراشی کرد، نەوشیروان مستەفا ئەو داوایە مادییانەشی نەشاردوەتەوە کاتێک بە مانشێتێکی گەورە لە رۆژنامەی (ڕۆژنامە)دا گوتی: ”من لە ھەموو موڵک و ماڵی یەکێتیدا شەریکم“، ئەوە لە ئەرشیفی ئەو رۆژنامەیەی گۆڕاندا ھەیە.

ئەو چاودێرە راشی گەیاند، لەدوای رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی، نەوشیروان مستەفا وازی لە ململانێ لە یەکێتی ھێناوە، چونکە لە رێککەوتنەکەدا لایەنی بازرگانی و ئابووری و دابەشکاریی تێدایە، ھەر ئەوەی وای کرد نەوشیروان مستەفا واز لەو ھێرشانە بھێنێ کە دەیکردە سەر یەکێتی.

بەڵام بەھار مەحمود، پەرلەمانتار و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، ھیچ زانیارییەکی فەرمییان لەبارەی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا نییە، بەڵام ھەرکات تەندروستی بەرەو ئەوە ھات کە بگەڕێتەوە، ئەوە بە دڵنیایی دێتەوە، گوتیشی: ”پرسی مانەوەی لە بەریتانیا تەنیا بابەتی تەندروستییە و ھیچی دیکە نیە، ھێندەی ئاگادار بین شوکر بۆ خوا تەندروستی باشە“.

لەبارەی موڵکەکانیشیەوە، بەھار مەحموود رای گەیاند، گردی زەرگەتە موڵکی گۆڕانە و کارگەی چیمەنتۆ لەو بڕوایەدا نین بە ناوی نەوشیروان مستەفاوە بێت، ئەوە پڕوپاگەندەیە.

راشی گەیاند، کارگەی چیمەنتۆ بە ناوی ئەوەوە نییە و ئەوە دوورە لە راستییەوە، گوتی: ”گردی زەرگەتەش ھەموو گۆڕان بەکاری دەھێنێ، تاکە کەس کە کەمترین بەکارھێنەری گردی زەرگەتەیە نەوشیروان مستەفا خۆیەتی، بەڵام نازانم بە ناوی کێوەیە، بەڵام بە فعلی ھی بزووتنەوەی گۆڕانە، کە گۆڕان زۆرترین دەنگی ھەیە لە سلێمانی و تەنیا ئەو شوێنەی ھەیە وەکو ئۆفیسی حزبی بەکاری بھێنێت“.

بۆ زیاتری ئەو پرسە،(باس) بە باشی زانی پەیوەندی بە وتەبێژی فەرمیی گۆڕانەوە بکات، بەڵام پەیوەندی لەگەڵیاندا دروست نەبوو.









باسنيوز
Top