ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری گەڕانەوە دەدات و وەک پەرلەمان بڕیارەکان بە زۆرینە دەردەکات
لە کۆ بوونەوەکەدا، کە پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 4.4.2017 ئەنجام دەدرێت، هەردوو تەوەری رەتکردنەوەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ئاڵای کوردستان و ئەنجامدانی راپرسی بۆ گەڕانەوەی پارێزگاکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەخرێنە بەر باس.
پێشتر محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتیی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کە لیستێکی کوردستانییە و گەورەترین لیستی ناو ئەنجومەنەکەیە، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو، کە بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی عێراق کاری بە زۆرینە کرد، ”ئێمەش لەمەودوا لە وەرگرتنی بڕیارەکان کار بە زۆرینە دەکەین“.
رۆژی شەممە 1.4.2017، بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لە سەر دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک بهێندرێتە خوارەوە، کە بووە هۆی ناڕەزایی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاووڵاتییانی کوردستان.
پێشتریش ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگا بەرز بکرێتەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، کە چەند ساڵێکە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای شارەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرگریی لە کەرکووک و دانیشتووانەکەی دەکەن.
باسنيوز
