لیژنه‌ی یاساییی په‌رله‌مان: بۆ گشتپرسی، کۆمسیۆنی کوردستان ده‌توانێ خۆی نیزام ده‌ربكات

 	 لیژنه‌ی یاساییی په‌رله‌مان: بۆ گشتپرسی، کۆمسیۆنی کوردستان ده‌توانێ خۆی نیزام ده‌ربكات
گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، كه‌ مه‌رج نییه‌ گشتپرسی پێویستی به‌ یاسا هه‌بێت. (ڤاڵا فه‌رید) سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی په‌رله‌مانی كوردستانیش دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی له‌ كوردستان، پێویستی به‌ په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت یاسایش نییه‌ و ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌.

(ڤاڵا فه‌رید) به‌ ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی، پێویستی به‌ په‌رله‌مان و یاسا نییه‌، چونكه‌ له‌ یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا هاتووه‌، كه‌ كۆمسیۆن ده‌توانێ بۆ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی، پشت به‌و نیزامه‌ ببه‌ستێت كه‌ خۆی ده‌ری ده‌كات".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان زیاتر ده‌ڵێ، "ناوی ته‌واوی كۆمسیۆنه‌كه‌، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسییه‌، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی راپرسییه‌ و مافی یاسایی ئه‌وه‌ی پێ دراوه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌ركێكی بۆ جێبه‌جێ نه‌كرا و پێویستی به‌ یاسا هه‌بوو، ده‌توانێ خۆی نیزام ده‌ربكات".

(مه‌حموود محه‌ممه‌د) گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئه‌و لیژنه‌ تایبه‌ته‌ هاوبه‌شه‌ی له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیدا دروست بووه‌، بڕیار له‌سه‌ر میكانیزم و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی له‌ كوردستان ده‌دات.
(مه‌حموود محه‌ممه‌د) بۆ‌ ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی کردەوە، "مه‌رج نییه‌ گشتپرسی پێویستی به‌ یاسا هه‌بێت".

ئێستا‌ پرسی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی پراكتیكی و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌ بچێت.
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستاندا كه‌ دوێنێ (3ی نیسان) به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی یه‌ك له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دانوستانه‌كان بوو.
ئه‌مرۆیش شاندی هاوبه‌شی ئه‌و دوو حزبه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆ بووه‌ته‌وه‌ و بڕیاره‌ سه‌ردانی حزبی شیوعیی کوردستان و دواتریش كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان بكه‌ن. پرسی گشتپرسی، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كانه.
kdp-
Top