عەلی باپیر: پشتیوانی ریفراندۆم دەکەین.. مەلا بەختیار: نابێ کات لەدەست بدەین
پارتی و یەکێتی دوای ئەوەی دوێنێ بڕیاریاندا کە بە هاوبەشی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمڕۆ شاندی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حزبی شوعی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلانی کوردستان کۆبوونەوە، شاندەکە سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیشیان کرد و لەگەڵ ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان (عەلی باپیر) کۆبوونەوە.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە پڕێسکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرا کرا کە کۆمەڵێ ئیسلامیی پشتیوانیی لە ریفراندۆم دەکات بەڵام چەند سەرنج و تێبینییەکیان هەبووە بۆ ئەوەی زەمینەسازی بکرێ تا بتوانرێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی سەربگرێ.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، هەریەک لە (عەلی باپیر)، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و (مەلا بەختیار)، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پرێسکۆنفرانسێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
لە دەستپێکدا، (عەلی باپیر) پاڵپشتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی و گوتی، دهبێ خهڵكی كوردستان به بهشداریكردن له ڕایفراندۆم جۆش بدرێن و ههروهها دهبێ بۆ سەربەخۆیی زەمینەسازی بکرێت و ئهو ئاستەنگانهی كه ههن لابدرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (عەلی باپیر) گوتی: ''پێویستە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشدا ڕیفراندۆم بکرێت، بۆ ئەوەی سەربەخۆییی کوردستانی بەدوادا بێت.'' گوتیشی: ''پێویستە بۆ هەموو پرسەکان پرس و ڕاوێژمان هەبێت.''
هەر لە پرێسکۆنفرانسەکەدا (مەلا بەخیتار) ڕایگەیاند، ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتییە، کە ئەمڕۆ دەیکەن و، لەگەڵ حزبی شیوعی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوونەوەتەوە.
(مەلا بەختیار) گوتی: ''دوێنێ لە دانیشتنی یەکێتی و پارتیدا بابەتی ڕیفراندۆم ئەڵقەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بووە و زۆر پرسی دیکەش تاوتوو کراوە.''
(مەلا بەختیار) بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد: ''هەڵومەرج و بابەتێک هاتووەتە پێش و مووسڵ ڕزگار دەکرێت و دۆخی سووریا لە دەرەوە تاوتوو دەکرێت و دەوڵەتان بەرەو چارەی ناوچەکەکە دەچن، بۆیە ئەو هەڵومەرجە وا دەخوازێت، کە ڕیفراندۆم بکەین، نموونەی ئەوەیشی هێناوەتەوە، کە دەبینین لە کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵکرا، ئەوانی لە ناخدا نادیموکراتین، یەکیان گرت و دژی ئاڵا وەستانەوە، بۆیە نابێ کات لەدەست بدەین بۆ ڕیفراندۆم.''
ئاماژەیشی دا: ''ڕیفراندۆم مافی خۆمانە و جەختی لەسەر دەکەینەوە و دواتریش پەلوپۆ دەهاوێت و ئەرکەکان دابەش دەکرێن بۆ ڕیفراندۆم و بە هەموو لایەنەکان دەیکەین، چونکە ئەرکێکی نیشتمانیی هەمەلایەنەیە و بە هەمووان شانی وەبەر دەدەین، بەڵکو ڕیفراندۆم ژینگەیەکی باشی سیاسی دروست بکات، بۆ چارەکردنی کارەکانی پەرلەمان.''
kdp-
