یەکگرتوو و شیوعی؛ دەرفەتی ڕیفراندۆم لەبارە

 یەکگرتوو و شیوعی؛ دەرفەتی ڕیفراندۆم لەبارە
شاندێکی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەردانی لایەنەسیاسییەکانیان کرد و بەشێک لەو لایەنە سیاسییانەی ئەو شاندە سەردانی کردوون، پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو ھەوڵەی یەکێتی و پارتی دەربڕی.

حزبی شیوعیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دڵخۆشن بەو سەردانە هاوبەشەی یەکێتی و پارتی بۆ لایان، کە ئەمڕۆ هەردوو حزب لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتیدا پشتگیرییان بۆ ڕیفراندۆم دووپات کردەوە.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان، (ھندرێن ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دەرفەتی ڕیفراندۆم لەبارە و پێمان خۆشە یەکێتی و پارتی لەیەک نیزیک بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە کێشەکان چارە دەکات و جگە لەوەش گرینگە لەبارەی ڕیفراندۆمەوە سەردانی لایەنەسیاسییەکان دەکەن، کە بەشێکە لە پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و، ھاوکات پێویستە کار لەسەر کێشە ناوخۆیییەکانیش بکرێت. ماوەی ٨٠ ساڵە ئێمە باسی مافی چارەی خۆنووسین دەکەین و ئەمڕۆ پێمان خۆشە لایەنەکانی دیکەش کار بۆ ئەو پڕۆژەیە دەکەن و بەرەو بەدەستھێنانی ئامانجی خۆمان دەچین.''

(ھندرێن ئەحمەد ) گوتی: ''پشتگیری لەو ھەنگاوە دەکەین بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەی خزمەت بە دۆزی نیشتمانیمان بکات و دەوڵەتی کوردستانی لێ بکەوێتەوە.''

(ھندرێن ئەحمەد ) باسی لە کۆبوونەوەی ئەمڕرۆیان کرد کە داوایان کردووە بەشاندێکی یەکگرتوو و پڕۆژەیەکی هاوبەشەوە سەردانی بەغدا بکرێ.

(سەمیر سەلیم)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش باسی لە کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی کە پێوەست بە ریفراندۆمەوە سەردانیان کردوون و گوتی: "بۆ باسکردن لەسەر ئەوەی کە چی بکرێت و چۆن ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و ڕێگرییەکان چین و، بەپێی ھەڵسەنگاندنی ئەوان، ئێستا دەرفەتێکی باشە بۆ ڕیفراندۆم.''

(سەمیر سەلیم) دەشڵێ: ''لەڕووی ھەلومەرجی بابەتی و نێودەوڵەتییەوە کاتەکە بۆ ڕیفراندۆم زۆر گونجاوە، بەڵام بۆ ناوخۆی کوردستان پێویستی بەسازان و ئامادەکاری ھەیە.''

ڕوونیشی کردەوە: ''دیزاینی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە دەرفەتێکی بۆ کورد ڕەخساندووە و کوردیش دەیەوێت سوود لەودەرفەتە وەربگرێت و لەدەست خۆی نەدات و، ئەمە دەرفەتێکە بۆ کورد ھاتووەتە پێشەوە.''
kdp-
Top