پووتین: هۆکاری تەقینەوەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە
ئەمڕۆ، سەرۆکی ڕووسیا، (ڤیلادیمیر پووتین) لە شاری سان پیترسبورگ بوو، کە دەنگی تەقینەوەیەک بیسترا. ئێستا بەگوێرەی شرۆڤەی کەناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمەریکا، خەڵکی ڕووسیا لە دڵەڕاوکێدان و (پووتین) لە یەکەم لێدوانیدا گوتی، هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە و لێکۆڵێنەوە بەردەوامە.
بەگوێرەی شرۆڤەی ئاژانسەکانی جیهان، ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٧دا یەکەم گورزی ئابووریی وەبەرکەوت، چونکە سان پیترسبورگ، وێستگەی ئابووری و کۆڕبەندی ڕووسیایە و، یەکەم شاری گەورەی گەشتیاریی ئەو وڵاتەیە، بۆیە ئەو تەقینەوەیە زۆری کاریگەری لەسەر ئابووریی ڕووسیا دەبێت.
بەگوێرەی شرۆڤەی ئاژانسەکان، تەقینەوەکە لە کاتێکدایە، کە گلەیی خەڵکی ڕووسیا لە (پووتین) زیاد بووە و، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکەش، (پووتین) لەو شارەدا لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووسیا لە کۆبوونەوەدا بووە، ئەمەش بە وەشاندنی گورزێکی گەورە لەو وڵاتە تەماشا دەکرێت، کە چەندین ساڵ پێشتریش ڕووداوێکی هاوشێوە لە مۆسکۆ ڕووی دا و، کاریگەریی دەبێت لەسەر نیگەرانیی خەڵک و گوشار بۆ سەر سەرۆکی ڕووسیا و، دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی مۆسکۆی پایتەختدا.
تا ئێستا ئاماری قوربانییەکان بریتییە لە ١٠ کوژراو و ٥٠ بریندار.
بەگوێرەی ئاژانسەکان ڕەنگە ئەو تەقینەوەیە، ئاکامی بەشداریی ڕووسیا لە جەنگی سووریادا بێت یان هۆکارێکی دیکەی ئەوەبێ کە رووسیا شەڕی گروپگەلێکی تیرۆر دەکات لە ناوچەکەدا.
ئێستا سەرجەم هێڵەکانی وێستگەی میترۆی سان پیترسبورگ داخراون و ڕێوشوێنی توندیش لە سەرتاسەری ڕووسیادا گیراوەتەبەر.
لەیەکەم لێدوانی هێزەکانی دژەتیرۆری رووسیا ئەوەیان نیشاندا کە ئەوان رێگریان لە تەقینەوەیەکی دیکە کردووە و زانیاریان هەبووە و پووچەڵیان کردووەتەوە، ئێستایش بەدوای ناسنامەی ئەو کەسانە دەگەڕێن کە بۆمبەکەی داناوە تا ئاشکرای بکەن.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی بە خێرایی لەسەر تەقینەوەکە هەبوو، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی جیهان لە پێوەندی دان و زیاتر لە ٣٠ دەوڵەت پێوەندییان بە رووسیا کردووە و ئامادەیی هاوکاریان دەربڕیوە.
وێستگەی پێترسبێرگ لەناوەڕاستی شارەکەدا ٥ هێڵی سەرەکی لێ دەبێتەوە و تەمەنی وێستگەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٦٠ ساڵ لەومەبەر.
شاو
kdp-
