گشتپرسی گەرموگوڕی بە پەیوەندیی لایەنە سیاسییەكان دەداتەوە

گشتپرسی گەرموگوڕی بە پەیوەندیی لایەنە سیاسییەكان دەداتەوە
قسەوباس لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان تادێ گەرمتر دەبێت، لایەنە سیاسییەكان، لەوانەش پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێن ئەمساڵ گشتپرسی دەكرێ‌، بەڵام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت گشتپرسی پێویستی بە یاسایە، بۆ دەركردنی ئەو یاسایەش دەبێ‌ پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە.

رۆژی 30/3/2017 فڕۆكە تایبەتەكەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر نیشتەوە. بەگوێرەی بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو سەردانە و دیداری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بارزانی بە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیاندووە كە بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی، هەرێمی كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا گشتپرسی دەكات.

هێمن هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، بە (رووداو)ی راگەیاند: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی گوت، با لە ئێمەوە گوێتان لێبێت كە لە نزیكترین كاتدا گشتپرسی دەكەین، پێمانخۆشە ئێوەش تەفەهومتان بۆ ئەم خواستەی ئێمە هەبێت".

لەبارەی وادەی ئەو گشتپرسییەش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 25/3/2017 لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (فلادیلفیا ئینكوایرەر)ی ئەمریكی گوتی ئەمساڵ گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت. گوتیشی: "بەڕێوەچوونی گشتپرسییەكە گرنگە بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بزانێت خەڵكی هەرێمی كوردستان چ بژارەیەكی بەلاوە پەسەندە، سەربەخۆیی یان مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی "ئەنجامەكە واتای ئەوە ناگەیێنێت راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیێنین، بەڵام گشتپرسیەكە ویستی خەڵك بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشاندەدات".

بەگوێرەی زانیارییەكانی (رووداو) كە چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی و یەكێتی پشتڕاستیان كردووەتەوە، لەو گشتپرسییەدا ئەم پرسیارە لە دەنگدەر دەكرێت: ئایا لەگەڵ كوردستانی سەربەخۆدایت؟ دەنگدەریش بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام دەداتەوە.

جۆری پرسیارەكە وا دەردەخات كە مەرج نییە دەستبەجێ و لەسەر بنەمای ئەنجامی گشتپرسییەكە بڕیاری سیاسی وەربگیرێت، واتە ئەو ئەگەرە بەهێزە كە ئەنجامەكە زۆرتر وەك ناردنی پەیامێك بێت بۆ دنیای دەرەوە.

یوست هیلتەرمان بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، پێشتر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گوتبووی "بەڕێز مەسعود بارزانی كەسایەتییەكی سیاسی زیرەكە كە لە واقیعی ناوچەكە تێدەگات. دەشزانێت سەرەڕای هەبوونی مافی بڕیاردان لە چارەنووس، هەلومەرجەكان رێگەی پێنادەن. ئەگەر داوای سەربەخۆییش بكات و مافی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دووپات بكاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەیە بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵێت كورد مافی سەربەخۆیی هەیە، بەڵام بڕوا ناكەم بارزانی بڕوای بەوە هەبێت بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئاسانە".

لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە تێكڕا پشتیوانی لەم هەنگاوە دەكەن، بەڵام وا دیارە لە وردەكارییەكانی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوەدا رای جیاواز هەیە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كە رۆژی 1/4/2017 لە سلێمانی كۆبووەوە، جەختی لەسەر گشتپرسی وەكو مافێكی رەوای دیموكراسی گەلی كوردستان كردەوە.

هاوكات عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان كاری جدی و بەرنامەی دەوێت، ئێستا دۆخە سیاسییەكە هێوربووەتەوە و پەیوەندی لایەنەكان بەرەو باشتر دەڕوات، بۆیە وەكو یەكێتی دەمانەوێ‌ لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر بكەین و كۆمیتەیەكی هاوبەش دروست بكەین".

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش راگەیەندراوێكی لەوبارەوە بڵاوكردەوە كە دەڵێت گشتپرسی و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی مافێكی رەوای گەلی كوردستانە "ئەمەش بەگرتنەبەری هەنگاوی راستەقینە و كرداری و لە رێگای دامەزراوە شەرعییەكان و پەرلەمانی كوردستانەوە دێتەدی".

رۆژی 2/4/2017 هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە. بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، پارتی و یەكێتی لێژنەیەكی باڵا پێكدەهێنن بۆ مەسەلەی گشتپرسی و سەردانی حیزبەكان دەكەن. بڕیاریشە ئەمڕۆ دووشەممە 3/4/2017 لێژنەكە سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی بكات.

عەدنان موفتی كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی پیرمام، دەڵێت "گشتپرسی پێویستی بە یاساو تەوافوقی سیاسی هەیە، بۆیە دەرفەتەكە زۆر گونجاوە بۆئەوەی پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و یاسای گشتپرسی پەسەند بكرێت و كێشە سیاسییەكانی دیكەش چارەسەر بكەین، بە تایبەتی دوای شەڕی داعش، گۆڕانكاریی ناوچەكە وادەخوازێت لایەنەكان دەستپێشخەری بكەن، دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن بكەن و بگەینە رێككەوتن".

بەڵام مەحموود محەممەد، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی رەتیكردەوە كە گشتپرسی پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان هەبێ‌ و گوتی كە دەتوانرێ‌ بەبێ‌ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش بكرێ‌.

ئەوەی ئێستا پرسیارە ئەوەیە كە كێ‌ سەرپەرشتی ئەو گشتپرسییە دەكات، لە كاتێكدا بەغدا رازی نەبێ‌ بە گشتپرسییەكە، ئایا نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیە سەرپەرشتی پرۆسەكە بكات؟

گۆران ئازاد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "گشتپرسی لەسەر بابەتێكی ناكۆك لە نێوان دوو لایەن بەڕێوەدەچێت: ئێمە و حكومەتی عێراق، ئێستا بەغدا ئامادە نییە گشتپرسی لەسەر یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كوردستان بكات، بۆیە دەبێ‌ نەتەوە یەكگرتووەكان وەكو لایەنی سێیەم بێتە نێو باسەكە و سەرپەرشتی پرۆسەكە بكات، ئەگەریش نەیكرد ئێمە خۆمان ئەو كارە دەكەین".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی رای وایە ئەگەر كورد دەیەوێ‌ دەوڵەت رابگەیەنێ، پێویست بە گشتپرسی ناكات، با سەركردایەتی سیاسی كوردستان راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەنن و دەڵێ‌: "زۆر وڵات سەربەخۆییان وەرگرتووە و گشتپرسیشیان نەكردووە، بۆیە بە قەناعەتی خۆم ئەگەر گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان بشكرێ‌، وەكو كارتێكی گوشارە بەرامبەر بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

پێویستی بە یاسایەكی تایبەتە

ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە پێویستمان بە یاسایەك هەیە تاوەكو كاری لەسەر بكەین، تاوەكو ئێستا یاسای گشتپرسیمان نییە، هەر كاتێك یاساكە دەرچوو، بە نیوەی كات و بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەتوانین پرۆسەكە بەڕێوەببەین".
گۆران ئازاد، كە هاوكات بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستانە، لە بارەی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە گشتپرسی دەڵێ‌: "بۆ دەركردنی یاسایەكی تایبەت، پێویستە پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە، یاسای گشتپرسی بە تەوافوق پەسەند بكرێت، تاوەكو كۆمیسیۆن بتوانێت پرۆسەكە ئەنجامبدات".


rudaw -
Top