عەلی باپیر: لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم داین

 عەلی باپیر: لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم داین
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دان، مە بەختیاریش ئەوەی ئاشکرا کرد کە هۆکاری کۆبوونەوەکانیان بۆ ئەو هەلومەرجە ناوخۆییە دەگەڕێتەوە کە لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ ڕای گەیاند: ”گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بە گەلێکی ستەمدیدە دەزانین، هەر هەنگاوێک بۆ لابردنی ئەو ستەمە بە ئەرکێکی شەرعی دەزانین. ڕیفراندۆمیش کە نەریتی سیاسی وایە کە ڕاپرسیی گشتی بە خەڵک دەکرێت، 100٪ لەگەڵیداین، بەڵام ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ ئەوە بێت کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەدوادا بێت، دەبێت چاکسازی بکرێت. چەند ئاستەنگێک هەن کە ئەگەر لایاننەبەیت، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی سەروبەر نابێت“.

ئەمیری کۆمەڵ بە پێویستی دەزانێت کە پەرلەمان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ڕیفراندۆم کارا بکرێنەوە و کاری زیاتر بۆ بەدامەزراوەییکردنی دەزگا ئەمنییەکان بکرێت و هەوڵی باشترکردنی ژیانی خەڵکی بدرێت.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان تێبینییان لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەبووە، ”چونکە بەبێ ئاگاداریی ئێمە و خەڵکی دیکەش کراوە“.

دووپاتیشی کردەوە کە بە ڕاوێژ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، ئەو مافەی کورد مومارەسە بکرێت.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە ئەندامی شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی بوو، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ دووشەممە 3/4/2017، سێ کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و ئەنجامەکانی بە ”دڵخۆشکەر“ وەسف کرد.

ئەوەشی ڕاگەیاند: ”هەلومەرجە بابەتییەکە پاڵی بە یەکێتی و پارتییەوە ناوە کە ئەو کۆبوونەوانە ئەنجام بدەن، هەلومەرجێکی بابەتیی نوێ هاتووەتە پێشەوە. جگە لەوەی لە کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵکراوە، بینیمان لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەوانەی لە ناخەوە نادیموکراتین، بە ئاسانی لەسەر پێشنیازێکی بەرەی تورکمانی، 138 کەس ڕێککەوتن لەسەر داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک. کاتمان لە دەست دا و 10 ساڵە لەسەر ماددەی 140 دەستی دەستیمان پێ دەکرێت. ئێستا هەلومەرجە بابەتییەکە لە دوای تێکشانی داعش و ڕزگارکردنی مووسڵ، بەم ئەزموونەی 14 ساڵی ڕابردوو، ئایندە لەگەڵ عێراق دیار نییە“.

باسیشی لەوە کرد کە کۆبوونەوەکانی ئێستا دەستیان پێ کردووە، سەرەتایە و دواتر پرسی ڕیفراندۆم ”پەلوپۆ دەهاوێت و لێژنەکان ورد دەکرێنەوە و هەموومان شان دەدەینە بەر شانی ئەم ئەرکە نیشتمانی، نەتەوەیی هەمەلایەنە کە پێویستە لە دەرەوەی وڵاتیش زۆرترین پشتیوانی بۆ پەیدا بکەین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی و لایەنە مەسیحی و تورکمانییەکان ئەنجام دەدەن.

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بەوەی کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی، دەبووایە بە شاندی هاوبەش سەردانی پارتی بکەن، مەلا بەختیار گوتی: ”نە گۆڕان پێویستی بە ڕاوێژی ئێمەیە لەگەڵ لایەک کۆبێتەوە، نە ئێمەش پێویستیمان بە ڕاوێژی ئەوانە تا لەگەڵ لایەنێک کۆببینەوە. ئەوەی دەیکەین لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەیە“.






باسنيوز
Top