ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پرسی ریفراندۆم لە پارێزگاکە تاوتوێ دەکات
بەپێی بەرنامەی کار، رۆژی سێشەممە 4.4.2017 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە و چەند تەوەرێک دەخاتە بەرباس.
یەکێک لەو تەوەرانە، پێشنیازی رەتکردنەوەی بڕیاری پەرلەمانی عێراقە سەبارەت بە داگرتنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەگا فەرمییەکانی پارێزگاکە.
هەروەک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تاوتوێی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دەکەن.
پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو، ساڵی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
رۆژی شەممە 1.4.2017، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لە سەر دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک بهێندرێتە خوارەوە، کە بووە هۆی ناڕەزایی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاووڵاتییانی کوردستان.
پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگا بەرز بکرێتەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، کە چەند ساڵێکە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای شارەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرگریی لە کەرکووک و دانیشتووانەکەی دەکەن.
باسنیوز
