حزبی شیوعی: قسەمان لەبارەی کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم کرد

 حزبی شیوعی: قسەمان لەبارەی کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم کرد
شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی حزبی شیوعیی کوردستان دەکەن و سەرکردەیەکی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت، کە قسەیان لەبارەی کات و شوێنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە.

رۆژی دووشەممە 3.4.2017، شاندی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستانیان کرد و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەندام دا.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە ئەندامی شاندی هاوبەشی پارتی و حزبەکەیەتی، لە کۆنگرەرۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات ”بۆ دیاری کردن ئالیەتی فراوان و پێویست و ئامادەکاری بۆ ریفراندۆم“.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەش کرد، کە مەرج نییە دوای ریفراندۆم، یەکسەر سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەندرێت، ”رەنگە ئەم پرۆسەیە چەند ساڵێک بەردەوام بێت“.

هاوکات باباعەلی جەباری، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، هەموو حزبە کوردستانییەکان ”لە ئایندەیەکی نزیکدا“ لەبارەی ریفراندۆمەوە دەست بە قۆناغی پراکتیکی دەکەن.

باباعەلی جەباری هەروەها رایگەیاند، کە لەگەڵ شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ”بە وردی“ قسەیان لەبارەی کات، شوێن و چۆنێتی“ی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە.

رۆژی یەکشەممە 2.4.2017، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و تاوتوێی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و دوا بڕیاری پەرلەمانی عێراقیان سەبارەت بە ئاڵای کوردستان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی تاوتوێی بڕیاری پەرلەمای کوردستانیان کردبوو، کە تێیدا بڕیاری دابوو ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە و دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک بهێنرێتە خوارەوە.
پێش بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان وەک نیشاندانی ناڕەزایی، لە کۆبوونەوەکەدا کشانەوە.

پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگا بەرز بکرێتەوە.

ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دوای ئەوە درا، کە چەند ساڵێکە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای شارەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرگریی لە کەرکووک و دانیشتووانەکەی دەکەن.












باسنيوز
Top