کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی بە سەرەتای توانەوەی بەستەڵەکی سیاسی وەسف دەکرێت
ڕۆژی یەکشەممە 2/4/207 هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دواتریش هەردوو لایەن بەیەکەوە زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لایەن لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان دەست پێ کرد.
لەمبارەیەوە د. ناسیح غەفوور، چاودێری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: ”کۆبوونەوەکە لەم بارودۆخەدا زۆر پێویست بوو، بەتایبەت لەبەر ئەوەی دەبارەی (ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، پرسی کەرکووک، چارەسەری گرفتەکانی ناوخۆ، دەربارەی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوەکانی دیکە) گفتوگۆ کراوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەم ھەنگاوەی پارتی و یەکێتی زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە“.
د. ناسیح غەفوور پێی وایە کە کۆبوونەوەکە وەچەرخانێکی نوێیە و ”بەستەڵەکی سیاسی لە کوردستان تواندەوە“. گوتیشی: ”جدییەتی دۆخەکە وای کردووە کە پێکەوە بەرەو چارەسەری ئەو گرفتانە بچین و ئەو بڕیارە بدەن کە ھەموومان بەئاواتەوەین، کۆبووەوەکەش کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بووە و بەدڵی هەمووانە، لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەش خەریکە بەغدا لە ھەڵوێستەکانی پەشیمان دەبێتەوە و خەریکە سەلیم جبوری دان بەھەڵەی خۆیدا دەنێت“.
باسنیوز
