پەرلەمانی عێراق كاركردن بە بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك رادەگرێت

 پەرلەمانی عێراق كاركردن بە بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك رادەگرێت
لەسەر بەڵێنێكی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیاری داوە كاركردن بە بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك رابگرێت، تاوەكو فراكسیۆنەكانە جیاوازەكان دەگەنە رێككەوتنێك لەسەر ئەو پرسە، پەرلەمانتارانی كورد بایكۆت دەشكێنن و دەگەڕێنەوە كۆبوونەوەكان.

شوان داودی، گوتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر ئەو بەڵێنەی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان پێیداون، بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق.

دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممە 2-4-2017، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا، سەلیم جبووری سەردانی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی كرد و، بەڵێنی دا كاركردن بە بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك رابگرێت، تاوەكو لەماوەی هەفتەیەكدا فراكسیۆنەكان لەسەر ئەو پرسە بگەنە رێككەوتن.

گوتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، ئەوان بایكۆتی دانیشتەكانی پەرلەمانیان نەكردووە، هاتنەدەرەوەیان لە دانیشتنێكی پەرلەمان تەنها وەك ناڕەزایی دەربڕینێك بووە دژی بڕیارێكی پەرلەمان كە بەشێوازێكی نایاسایی رۆیشتووە.

گوتیشی "هاتنەدەرەوەی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەو دانیشتنەی پەرلەمان پەیامێكی باش بوو بۆ سەرجەم لایەنەكان، هیوادارین بۆ كارەكانی داهاتووش هەڵوێستی هاوبەشمان هەبێت".

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری دا لە سەرجەم دامودەزگا حكومییەكانی كەركووك ئاڵای كوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراق هەڵبكرێت. رۆژی شەممەش 1-4-2017، پەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارەی رەتكردەوە ‌و لەسەر ئەوەش سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بەجێهێشت، بۆ رۆژی دواتریش نەچوونەوە كۆبوونەوەكان.

بڕیارە كاژێر 01:00 ی رۆژی دووشەممە 3-4-2017، پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و لێپرسینەوە لە عەدیلە حموود، وەزیری تەندروستی بكات، فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن.







رووداو
Top