قادرعەزیز پۆزش بەدوای پۆزش دەهێنێتەوە

قادرعەزیز پۆزش بەدوای پۆزش دەهێنێتەوە
قادر عەزیز، دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکاتەوە کە پۆستی بەرپرسی بۆردی ڕیفراندۆمی پێ سپێرداوە، دواتریش پۆزش لە دوای پۆزش دەهێنێتەوە و دەنگۆکەی خۆی ڕەت دەکاتەوە.



دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 2/4/2017، قادر عەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیجێکی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێـتی و پارتیدا، متمانەیان بە بەندە بەخشیوە و بەندەیان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی سەرۆکی بۆردی لێژنەی ڕیفراندۆم بکەم، ھیوادارم لە ئاست متمانەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی و ئەو پرۆسە گەورەیه و پیرۆزە بم، دڵنیاتان دەکەمەوە کە دلسۆزانە کار بۆ ئەو پرسە بکەم“.



هەر کاتژمێرێک دوای ئەو نووسینەی، قادر عەزیز لە هەمان پەیجدا، پۆزشی یەکەمی هێنایەوە و ڕای گەیاند: ”دەمەویت ھاوڕێیان ئاگادار بکەمەوە کە دیارە بە بەھەڵە پێیان راگەیاندبووم ناوەکەی من دراوە بۆ بەرپرسی لێژنەی ڕیفراندۆم، بەڵکو من نیم، بەڕێز کاک قادر حەمەجانە، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم“.



بەڵام قادر عەزیز هەر بەو پۆزشە نەوەستا و دوای 6 کاتژمێر لە پۆزشی یەکەم، پۆزشی دووەمی لەسەر هەمان بابەت هێنایەوە و تێیدا نووسی: ”لە ڕێگەی ھاورێیەکمەوە لە ڕێگەی نامەی (فەیس بووک) لە ناو کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکیتی و پارتیدا، ئاگادار کرامەوە کە گوایە من دەستنیشان کراوم بۆ بۆردی ڕیفراندۆم، بۆیە پۆستکمان کرد و ئامادەییمان دەربڕی، بەڵام دەرکەوت بەڕێز قادر حەمەجان بووە نەوەک من“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە پۆستەکە بە قادر حەمە جان دراوە، بەڵام بەهۆی ئەو دەنگۆیەی خۆی بڵاوی کردبووەوە، لەلایەن هاوڕێکانیەوە پیرۆزبایی لێ کراوە.



لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەم دەنگۆیەی قادر عەزیز و پۆزشەکانی وەک بابەتێکی توانج ئامێز بڵاو کراوەتەوە و هەندێک لەوانەی لەبارەیەوە نووسیویانە، دەڵێن: ”ئەزموونی شاخ و شار، زۆر باش دەزانێ ئەو کارە لە قودرەتی قادری وەک تۆدا نییە“؟



بەپێی زانیارییەکان، قادر عەزیز زیاتر لە ئەکاونتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) هەیە و لەلایەن خۆی و کەسانی نزیکیەوە بەڕێوە دەبردرێن، لەو ئەکاونتانەدا بابەتەکانی بڵاو دەکاتەوە، ئەگەر هیچ دەنگێکی لێ نەهات، ئەوا بێدەنگ دەبێت، ئەگینا نکۆڵی لەوە دەکات کە ئەکاونتی ئەو بن و دەڵێت: ئەگەر گیرام ئەزم، ئەگەر نا دزم.




باسنیوز
بۆ بینی وێنەكان ئەم لینكە داگرە.
http://www.basnews.com/index.php/so/news/kurdistan/340404
Top