هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا داوای جیابوونەوەی کوردستان دەکەن
شێخ موزاحیم ئەحمەد، گوتەبێژی فەرمیی ھۆزە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بە ڕەتکردنەوەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، دەنگدانەکە بە فیتی لایەنی دەرەکی بووە و ”کوردستان مافی خۆیەتی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە و سەربەخۆ بێت“.
شێخ موزاحیم ئەحمەد پێیوایە باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە پشت بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بوو و سەلئیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانیش ”کەسێکی بەکرێگیراوە و لایەنگریی نوری مالیکی دەکات“.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هۆزە عەرەبکانی نەینەوا پێیانوایە کەرکووک و هەموو ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە رزگار کراونەتەوە، بەشێکن لە خاکی کوردستان و داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەکەن ”جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان ڕابگەیەنێت.''
هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا، کە بەشێکیان کەوتوونەتە ناو خاکی کوردستان، خۆیان بە کوردستانی دەزانن و لە راگەیەندراوەکەشدا ئاماژەیان بەوە داوە، کە ئامادەن بچنە کەرکووک و رووبەڕووی هەموو ئەو گرووپ و لایەنە دژە کوردستانیانە ببنەوە، کە ”ھەوڵی نیزیکبوونەوە لە کەرکووک و ناوچەکانی تر دەدەن“.
رۆژی شەممە 1.4.2017، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لە سەر دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک بهێندرێتە خوارەوە، کە بووە هۆی ناڕەزایی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاووڵاتییانی کوردستان.
پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگا بەرز بکرێتەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، کە چەند ساڵێکە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای شارەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرگریی لە کەرکووک و دانیشتووانەکەی دەکەن.
باسنیوز
