سەرۆک بارزانی: ناتوانین بەرانبەر ئاییندەی موسڵ تەماشاکار بین و پێویستە لە دواڕۆژی پێكهاتەكان و ئاساییشی هەرێم دڵنیا بین

سەرۆک بارزانی: ناتوانین بەرانبەر ئاییندەی موسڵ تەماشاکار بین و پێویستە لە دواڕۆژی پێكهاتەكان و ئاساییشی هەرێم دڵنیا بین
دوێنێ، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كۆبۆوە.


لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگر و نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا پێزانینی خۆیان بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی ناوچەكانیان نیشان دا و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی سەرۆك بارزانیان كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعش. ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە جێگیركردنی مافی پێكهاتەكان و پاراستنیان. هەروەها سوپاسی حكوومەت و خەڵكی كوردستان و دەزگەی خێرخوازیی بارزانیان كرد كە یارمەتیی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماوی پارێزگای موسڵیان داوە. ئەوەیشیان خستەڕوو كە ئاساییش و سەقامگیری و بووژانەوەی نەینەوا و هەرێم كاریگەریی لەسەر یەكتری هەیە و بۆیە دەبێ لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن.


ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە لە پاڵپشتیی خۆی بۆ پارێزگای نەینەوا بەردەوام بێت و وێڕای ئاماژەدان بەو زیانانەی كە لە ئەنجامی شەڕ بەر ژێرخانی شاری موسڵ كەوتووە گلەیی ئەوەیشیان لە بەغدا كرد كە لە یارمەتیدانی خەڵك و ئیدارەی موسڵ كەمتەرخەمە.


لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی پێكهاتەی مەسیحی و ئێزیدی و توركمان و شەبەك و عەرەبی پارێزگای موسڵ تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو.


لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نوێنەری شەرعیی دانیشتوانی نەینەوان ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئاگاداری ئازار و ڕەنجی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوایە و یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی وەسف كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا لە یارمەتیدانی ئاوارەكان كەمترخەم بووە. ڕۆشناییشی خستەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدان و گەشەی داعش لەو پارێزگایە و باسی لەو زیانە مرۆیی و ماددی و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە لە ئەنجامی پەلاماری داعش ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان ناتوانێ بەرانبەر ئاییندەی موسڵ تەماشاکار بێت و پێویستە لە دواڕۆژی پێكهاتەكان و پارێزگای نەینەوا و ئاساییشی هەرێم دڵنیا بین و چیتر ڕێگە نەدرێت كارەسات و هەڕەشەكان دووبارە ببنەوە.


سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە كە قۆناغی دوای داعش بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە قووڵبوونەوەی كێشەكان پێویستە خەڵكی خۆجێیی پارێزگا خۆیان بەڕێوە ببەن و بشتوانن خۆیان بپارێزن.


تەئكیدی لە سیاسەتی گشتیی هەرێمی كوردستانیش كردەوە كە دژی هەر كەس و لایەنێك بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و تاییفی دەوەستێت كە هاودەست و هاوكاری داعش بووە و چاوپۆشی لە تاوانەكانیان ناكرێت، لە هەمانكاتدا پشتیوانی خەڵكی سڤیل و ئەو لایەنانەن كە هیچ پەیوەندییەكیان بە داعشەوە نەبووە.
hawler-
Top